بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند لە ئەنجامی تەقە کردنێکدا لە شاری کوێتای باشووری ڕۆژئاوای پاکستان دوو پۆلیس و دوو چەکدار کوژران.
تەقەکردنەکە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕوویداوە لەنزیک کاتی بەربانگ، لەکاتێکدا دوو چەکدار بە ماتۆڕەوە تەقەیان لە دوو پۆلیسی هاتووچۆ کردووە و کوشتوویانن.
دوای ئەوەی گوێیان لە تەقەکە بووە، سەربازەکان بەرەو ئەو ناوچەیە ڕۆشتوون.
بەرپرسێکی پۆلیس عەبدول ڕەزاق شیمان بە فرانس پرێسی وت " سەربازەکان بە هەمان شێوە وەڵامی چەکدارەکانیان داوەتەوە و یەکسەر کوشتوویانن."
وتەبێژەکە وتی چەکدارێکی دیکە بە ماتۆڕەوە لە میانەی پێکدادانەکەدا برینداربووە بەڵام توانیویەتی هەڵبێت.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی بلوشستان عەلی بەلوش تەقەکردنەکەی پشت ڕاستکردەوە و خەڵاتێکی بە بڕی یەک ملیۆن ڕوپی کە دەکاتە 8644 دۆلار داناوە بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر چەکدارەکان پێشکەش دەکات.
هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.
بلوشستان دەکەوێتە سەر سنووری ئێران و ئەفغانستان و دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز بەڵام ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستیەکان و توندڕەوی مەزهەبی نێوان سووننە و شیعە بۆتەوە.
بلوشستان بە گەورەترین چوار هەرێمەکەی پاکستان دادەنرێت، بەڵام دانیشتوانەکانی کە ژمارەیان نزیکەی حەوت ملیۆن کەسە دەڵێن بژێوی ژیانیان باش نیە لەچاو ئەو هەموو گاز و نەوتەی کە هەرێمەکە هەیەتی.
سەرچاوە/ فرانس پرێس