Accessibility links

پەرلەمانتارێکی پاکستان وەکو سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەر بۆ وڵاتەکە دەستنیشان دەکرێت


بینای پەرلەمانی پاکستان، ئیسلامئاباد
بینای پەرلەمانی پاکستان، ئیسلامئاباد

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری پاکستان ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف و ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی پاکستان ڕاجا ڕیاز ڕازیبوون بەوەی پەرلەمانتار ئەنوەرولحەق کاکار دەستنیشان بکەن وەکو سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەر بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان.

کاکاری تەمەن 52 ساڵ سیاسەتمەدارێکی کەم ناسراوە و خەڵکی هەرێمی بالوچستانی باشووری ڕۆژئاوای پاکستانە. کاکار کابینەیەک ڕادەگەیەنێت و ڕابەرایەتی حکومەت دەکات تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری پاکستان وتی " سەرۆک وەزیر شەهباز و ڕابەری ئۆپۆزسیۆن بە هاوبەشی نوسراوێکییان واژۆ کردووە کە ڕەوانەی سەرۆک دەکرێت تاوەکو پەسەندی بکات."

ئۆفیسی سەرۆکایەتی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی پاکستان عارف ئالڤی دەستنیشانکردنی کاکاری پەسەند کردووە.

بەپێی دەستوری پاکستان، دەبێت سەرۆک وەزیرێکی کاربەڕێکەری بێلایەن سەرپەرشتی هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکان بکات، کە دەبێت لە ماوەی 90 ڕۆژدا لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت، ئەوەش دەکاتە سەرەتای مانگی یانزەی ئەم ساڵ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG