وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قوڕەیشی وتی وڵاتەکەی بێلایەنی هەڵدەبژێرێت لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکادا، ئەمەش دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا لە بەغداد کە تیایدا قاسم سولەیمانی کوژرا.
ئەم ڕووداوە پاکستان دەخاتە هەڵوێستێکی هەستیارەوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی کە زۆرینەی موسوڵمانەکانی پاکستان سوننەن و کەمینە شیعەن، هەروەها پاکستان سووریشە لەسەر ئەوەی خۆی بەدووربگرێت لە گرژییەکانی ناوچەکە. پاکستان هاوپەیمانی سعودیەیە کە دوژمنی سەرسەختی ئێرانە، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ئاڵۆزە و سنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە.
ڕۆژی یەکشەممە هەزاران خۆپیشاندەر لە پاکستان ڕژانە سەر شەقامەکان بەمەبەستی پیشاندانی هاوخەمی لەگەڵ ئێراندا. لە شاری کاراچی شەڕ و پێکدادان ڕوویدا لەنێوان هەندێک لە خۆپیشاندەران و پۆلیسدا، ئەمەش لەکاتێکدا بوو خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بەرەو کونسوڵخانەی ئەمەریکا بڕۆن لەو شارەدا.
وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قوڕەیشی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە ڕوونین لەسەر ئەوەی خاکی پاکستان دژ بە هیچ وڵاتێکی دیکە بەکارناهێندرێت، هەروەها پاکستان نابێتە بەشێک لەم ململانێیانە."
وتیشی " پاکستان هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای هەبووە، ئەوەش ئەوەیە پشتیوانی لە هیچ جووڵەیەکی تاکلایەنانە ناکات."
قوڕەیشی وتی " ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشتریش گرژی تێدابووە و ئێستاش تیایەتی، ئەم ناوچەیە بەرگەی جەنگێکی دیکە ناگرێت. ئێمە بەشێکین لەم ناوچەیە و کاتێک ئاگرێک لەوێ دەکەوێتەوە پاکستان ناتوانێت ڕزگاری ببێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز