Accessibility links

پاکستان هیندستان تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئاو وەکو چەکێک لە ململانێکانی کشمیردا


پاکستان وتی نیودەولهی پێشتر پێی ڕانەگەیاندووە ئاوی یەکێک لە سەددەکان بەردەداتەوە کە پێدەچێت ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو لەسەر سنوور، هەروەها هیندستانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەڵگیرساندنی " جەنگی نەوەی پێنجەم " دژی پاکستان.

پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و هیندستان گرژییان تێکەوت دوای ئەوەی لەم مانگەدا هیندستان ڕەوشی تایبەتی کشمیری هیندستانی هەڵوەشاندەوە. پاکستانیش لەلای خۆیەوە وەکو وەڵامدانەوەیەک هۆکارەکانی گواستنەوەی نێوان دوو وڵاتەکەی ڕاگرت و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هیندستاندا بڕی و نوێنەری نیودەلهی لە ئیسلام ئاباد دەرکرد.

ئیسلام ئاباد وتی بەردانەوەی ئاوی ڕووباری سوتلیج کە لە هیندستانەوە دەچێت بۆ پاکستان بەشێکە لە هەوڵەکانی نیودەلهی بۆ پێشێلکردنی ڕێکەوتنی نێوان دوو وڵاتەکە کە لەمێژە واژۆ کراوە.

سەرۆکی لیژنەی ئاو و گەشەپێدانی وزە موزمل حسێن وتی " هەوڵدەدەن لەڕووی سیاسییەوە گۆشەگیرمان بکەن و ئابووری وڵاتەکە بڕوخێنن، ئاو کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئابووری و بازرگانی."

وتیشی هیندستان شوێنی خۆی لەسەر بەرزایی دەریاکە قۆستۆتەوە بۆ هەڵگیرساندنی " جەنگی نەوەی پێنجەم ".

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوبەری گشتی لیژنەی بەڕێوبەرایەتی کارەساتە سروشتیەکان لە هەرێمی بنجاب بە ڕۆیتەرزی وت " هیندستان بە پاکستانی نەوتووە ئاوەکو بەردەداتەوە."

بەرپرسێکی حکومی هیندستان وتی بەردانەوەی ئاوەکە ڕێوشوێنێکی ڕۆتینییە و قەبارەی ئەو ئاوەی بەردراوەتەوە ڕێکەوتنەکە پێشێل ناکات.

بەرپرسەکە دانی بەوەدا نا خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی کە پێش بەردانەوەی ئاوەکە بە پاکستانیان نەوتووە.

وتی " لە نیازپاکی خۆمان ئەم جۆرە زانیارییانەمان دەگۆڕیوە، بەڵام ئەو ڕۆژانە بەسەرچوون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG