سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عیمران خان سوپا و دەزگای هەواڵگری پاکستانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی بە ئاشکرا هەوڵی لە ناوبردنی پارتە سیاسییەکەی دەدەن و دەڵێت " گومانی لەوەدا نییە " کە لە دادگایەکی سەربازییدا دادگایی دەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە.
خان لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز کاتێک پرسیاری لێکرا کێ لە پشت هەڵمەتی سەرکوتکردنی پارتەکەیەوە بووە، وتی " بە تەواوەتی دامەزراوەکەیە. دامەزراوەکە بە ئاشکرا دیارە واتا دامەزراوەی سوپا، چونکە بە ڕاستی ئەوان ئێستا بە ئاشکرا دیارن و هەوڵ دەدەن، ئێستا ئەوە شاراوە نییە."
سەرۆکی سوپای پاکستان، کە لە ماوەی 75 ساڵی مێژووی پاکستاندا ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ وڵاتەکەی بەڕێوەبردووە و بە دەگمەن ڕووبەڕووی ئەم جۆرە ئاستەنگە بۆتەوە کە ئێستا خان بۆ دەسەڵاتەکەی دروستی کردووە، ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدات.
خان وتی کەوتنەوەی خۆپیشاندانە توندوتیژەکان دوای دەستگیرکردنی " ئۆپەراسیۆنێکی ساختە " بوون و مەبەست لێیان بە ئامانجکردنی ئەو بووە.
بەرپرسانی پاکستان پڕۆسەی دادگاییکردنی دەیان کەسییان لە دادگای سەربازییدا دەستپێکردووە، لەوانەش ئەندامانی پارتەکەی خان، کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت دەستییان هەبووبێت لە خۆپیشاندانەکاندا. دادگای سەربازیی زۆرجار بۆ دادگاییکردنی سەربازان یاخود ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە دوژمنی دەوڵەت ناسێندراون.
خان وتی " ئەوە تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوان من بخەنە زیندانەوە." وتیشی سوپا ویستوویەتی ڕێگری لێبکات لە گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کە بڕیارە لە مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت.
وتیشی نزیکەی 150 دۆسییەی تاوان دژی تۆمار کراون و بێ بایەخن و لە هەر دادگایەکی مەدەنیدا بێت گوێییان پێنادرێت.
وتی " ئەوە تەنها هیوایانە، چونکە سوورن لەسەر ئەوەی من لەسەر ڕێگەکە لاببەن، پێم وایە ئەوە دەکەن، سەرجەم دادگا سەربازییەکانییان بۆ ئەوەیە من بخەنە زیندانەوە."
وتیشی " هیچ گومانم لەوەدا نیە کە دادگا سەربازییەکان بۆ من داندراون."
خان وتیشی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ناوخۆی پاکستان کە بەهێزترین دەزگای سیخوڕی وڵاتەکەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو دەستییان هەبووە لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی پارتەکەیدا.
وتی دوو ئەندامی باڵای پارتەکەی لەلایەن دەزگاکەوە پەیوەندییان پێوە کراوە تاوەکو گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن، " کاتێک چوون بۆ ئەوێ، بێ دەنگییان کردوون و وتوویانە ' ئێوە ناڕۆن ' تاوەکو هەڵنەگەڕێنەوە لە پارتی تەهریکی ئینساف."
خان وتی هەوڵیداوە پەیوەندی بە سوپاوە بکات تاوەکو گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی وەرنەگرووە، وتیشی نازانێت بۆچی سەرکردەی سوپای پاکستان ئاسیم مونیر " سوورە لەسەر " پەراوێزخستنی.
خان وتیشی " من کەسێکم کە ماوەی 50 ساڵە لەم وڵاتەدا ناسراوم و سەرجەم خەڵاتەکانم لەم وڵاتەدا بردۆتەوە و ڕەنگە ناسراوترین پاکستانیش بم، بەڵام لە ناکاو وەکو جۆرێک لە نامۆ مامەڵەم لەگەڵدا دەکرێت، وەکو دوژمنی دەوڵەت مامەڵەم لەگەڵدا دەکرێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
عیمران خان سوپای پاکستان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لە ناوبردنی پارتەکەی تۆمەتبار دەکات
