Accessibility links

شارەزایان دەڵێن پاکستان وانەی لە لافاوە کوشندەکانی ساڵی 2022 وەرنەگرتووە


شارەزایان دەڵێن ملیۆنان کەس لە پاکستان هێشتا بە درێژایی ڕێڕەوەکانی ئاوی لافاودا دەژین، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە نە خەڵکەکە و نە حکومەتیش وانەکان فێر نەبوون لە لافاوە ڕووخێنەرەکەی ساڵی 2022 ەوە کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی 1737 کەس. ڕێکخراوێکی یارمەتییەکانیش دەڵێت نیوەی ئەو 300 کەسەی کە لە مانگی حەوتەوە بەهۆی باران بارینەکانەوە گیانییان لە دەستداوە منداڵن.

باران بارینێکی زۆر هەیە لەو ناوچانەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لافاوەکان تێیاندا زۆر بەهێز بوون.

ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهان لە بەیاننامەیەکدا وتی لە سەرەتای وەرزی باوە لافاوەکان و باران بارینە زۆرەکە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 150 منداڵ لە پاکستاندا، ئەوەش زیاترە لە نیوەی قوربانییان لەو ناوچانەدا کە بارانەکە کاری تێکردوون. وتیشی 200 منداڵی دیکە زیانییان پێگەیشتووە و هەزاران کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

ڕێکخراوەکە وتیشی " باران و لافاوەکان لە سەدا 80 ی بەرهەمی پەموویان لە سەنگار لە ناوبردووە، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی جووتیارەکانە، سەدان ماڵاتیشی لە ناوبردووە."

خورام گۆنداڵی بەڕێوبەری ڕێکخراوی منداڵپارێز لە پاکستان وتی منداڵان هەمیشە لە کارەساتەکاندا گەورەترین زیانییان بەرکەوتووە.

وتی " دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی کە کاریگەرییە دەستبەجێیەکانی لافاو و بارانەکان نەبنە کێشەی درێژخایەن. تەنها لە پارێزگای سیند زیاتر لە 72,000 منداڵ خوێندنییان لێ تێکچووە."

ڕێکخراوی یارمەتی ئیسلامی کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە وتی چەند هەفتەیەک لە باران بارینی بەخووڕ لە پاکستان جارێکی دیکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکەکە و ناڵاندنی چەندین کۆمەڵگە کە پێشتریش بەهۆی لافاوەکەی ساڵی 2022 ەوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە و هێشتا لە پڕۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی ژیان و بژێوی ژیانیاندان.

پاکستان هێشتا کارە گەورەکەی ئاوەدانکردنەوەی دەست پێنەکردووە چونکە حکومەتی پاکستان زۆربەی ئەو 9 ملیار دۆلارەی وەرنەگرتووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساڵی ڕابردوو لە کۆنفرانسی بەخشەراندا لە جنێڤ بەڵێنیاندا بیدەن بە پاکستان.

موحسین لاگاری کە چەند ساڵێک لەمەوبەر وەزیر بووە لە پاکستان وتی " هیچ وانەیەک فێر نەبووین لە لافاوەکانی ساڵی 2022 ەوە. ملیۆنان خەڵک خانووی قوڕ و بلۆکییان لەسەر ڕێڕەوی ڕووبارەکان دروست کردووە، کە عادەتەن بە وشکی دەمێننەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG