بەرپرسانی پاکستان وتیان بەهۆی بومەلەرزەیەکی بەهێزەوە بە گوڕی 5.7 لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان لانی کەم 20 کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون و نزیکەی 300 کەسی دیکە برینداربوون.
ئاماری زەویزانی ئەمەریکا وتی ناوەندی بومەلەرزەکە 100 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی کوێتاوە بووە لە نزیک سنووری ئەفغانستان.
شارۆچکەی هارنای لە هەرێمی بلوچستان زیانێکی گەورەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە بەرکەوت، زیاتر لە 100 خانوی قوڕی ڕووخاند و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکە خەوتبوون و لە ناو ماڵەکانیاندا گیرییان خوارد.
بەرپرسان دەڵێن چەند کاتژمێرێکی دەوێت تاوەکو بگەینە ئەو شوێنانەی کە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە لە هەرێمەکەدا. سوپای پاکستان وتی هێزەکانی و هێلیکۆپتەرەکانی یارمەتی هاوڵاتیانی مەدەنییان داوە لە هەوڵەکاندا بۆ گواستنەوەیان.
نەمانی کارەبا تیمەکانی فریاکەوتنی ناچار کرد لایتی دەستی بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا.
دانیشتوویەکی هارنای بە ناوی مونیر شا بە ڕۆیتەرزی وت " خەوتبووم کاتێک هەموو ماڵەکە هەژا. منداڵەکانم و خێزانەکەم بردە دەرەوە، زۆر ترسام لەکاتێکدا خانووەکانی هارنای دەڕووخان، ماڵەکەی منیش زیانی بەرکەوت."
وتیشی " خەڵکێکی زۆرم بینی لەژێر پاشماوەی خانووەکاندا گیرییان خواردبوو، لەوانەیان زۆربەیان گیانیان لەدەستدابێت."
ڕۆژنامەنووسێکی ناوخۆ نەواب خان وتی نزیکەی 250 خانوو لە ناوچەی بابو موهەڵا ڕووخاون و ژمارەیەکی هاوشێوەش بەهۆی کەوتنە خوارەوە سەقف و دیوارەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
خان وتی " سەرانسەری شارۆچکەکە وێنەی کارەساتێکە، هیچ خانووەیەک نیە زیانی بەرنەکەوتبێت، هەزاران کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە دەرەوەن." ئاماژەشی بەوەدا لە سەدا 70 ی کارەبای ناوچەک بڕاوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز