پۆلیس دەڵێت بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە لەسەر قەراغی شەقامێک کە کاروانێکی دیپلۆماتکارانی بیانی کردووەتە ئامانج کە سەردانی باکووری ڕۆژئاوای پاکستانییان کردووە، ئەفسەرێکی پۆلیس کوژراوە کە ئەندامێک بووە لە تیمی ئاسایشی کاروانەکەدا.
ئەفسەری پۆلیسی ناوچەی سوات زەهیدوڵا خان وتی دیبلۆماتکارەکان سەردانی ناوچەی دۆڵی سواتییان کردووە لەسەر داوای ژووری بازرگانی ناوخۆی ناوچەکە تاوەکو ناوچەکە وەکو ئاڕاستەیەکی گەشتیاری پیشان بدەن.
وتی " ئەو یەکەیەی کە لە پێش کاروانەکەوە ڕۆیشتووە بۆمبێکی چێندراو لەسەر قەراغی شەقامەکە پێیاندا تەقیوەتەوە."
خان وتی چوار ئەفسەری دیکەی پۆلیس بریندار بوون. تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن سەرۆکی پاکستان ئاسیف عەلی زارداری و سەرۆک وەزیری وڵاتەکە شەهباز شەریفەوە سەرکۆنەکرا.
بەرپرسانی پۆلیس و حکومەت وتییان بۆمبەکە لە کاتێکدا تەقیوەتەوە کە کاروانەکە لە ڕێگەدا بووە بۆ وێستگەیەکی سەر گردەکە و هاوینەهەوارێک بە ناوی مالام جاباوە.
پۆلیس وتی سەرجەم دیبلۆماتکارەکان پارێزراون و دەگەڕێنەوە بەرەو ئیسلامئاباد.
جێگری پشکنەری گشتی پۆلیس محەمەد عەلی گەنداپور بە ڕۆیتەرزی وت " سەرجەم نوێنەرەکان پارێزراو بوون لە هێرشەکەدا و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامئاباد."
هێزەکانی دژە تیرۆری پاکستان بوونێکی زۆرییان هەیە لە دۆڵی سواتدا، کە لە مێژە موڵگەی یاخیبوونی چەکدارە ئیسلامییەکان بووە. چەکدارەکان لە دوای کۆتایی ساڵی 2022 ەوە هێرشەکانییان زیاتر کردووە، دوای ئەوەی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ حکومەتدا شکاند.
لە ساڵی 2012 دا چەکدارە ئیسلامییەکان لە دۆڵەکەدا تەقەیان لە مەلالە یوسفزای براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کرد و بریندارییان کرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پۆلیس دەڵێت لە هێرشێکدا بۆ سەر کاروانێکی دیپلۆماتکارانی بیانی لە پاکستان ئەفسەرێکی پۆلیس دەکوژرێت
