Accessibility links

بەهۆی زریانەوە کارەبای زیاتر لە 600 هەزار ماڵ لە ئەمەریکا دەبڕێت


شاری مارشفێڵد لە ویلایەتی ماسەچوسێتس، ئەرشیفی وێنە

زیاتر لە 600 هەزار ماڵ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بێ کارەبا بوون دوای ئەوەی باهۆزێکی بەهێزی کەنار دەریا بووە هۆی شکاندنی درەختەکان بەسەر تاوەرەکانی کارەبا دا.

بە پێی زانیاریە فەرمیـیەکان، ویلایەتی ماسەچوسێتس زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و لە

سەر لە بەیانی ئەمڕۆوە نزیکەی 495 هەزارماڵ کارەبایان بڕاوە.

دەزگای خزمەتگوزاری کەش‌وهەوای نیشتمانی ئەمەریکا دۆخەکەی بە مەترسیدار وەسفکرد و هۆشداری دا کە ڕەنگە زریان و باهۆزی تر ڕووبدەن. لقی دەزگاکە لە بۆستن ڕایگەیاند، " وەها باشترە کەس گەشت نەکات."

لە هەمان کاتدا، ویلایەتی ڕۆد ئایلاند بە سەختی زیانی پێگەیشتووە و نزیکی 96هەزار ماڵ کارەبایان بڕاوە.

خزمەتگوزاری کەش و هەوای نیشتمانی ئەمەریکا پێشبینی کرد کە باهۆزەکە لە کۆتایی ئەمڕۆدا ئارام ببێتەوە و "ئەمشەو باهۆزەکە بەرەو دەریا دوور دەکەوێتەوە."

شایەنی باسە، باهۆزەکە بە خێرایینزیکی 160 کم لە کاتژمێرێکدا لە شەوی دووشەمەوە هەتا سێشەممە ویلایەتی نیویۆرکی گرتەوە بەر لەوەی ڕۆژی چوارشەممە بە ئاڕاستەی باکور بڕوات.

باهۆزەکە هەتا ئێستا بووە هۆی داخستنی دەیان خوێندنگە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و هەروەها کەوتنەخوارەوەی تاوەر و هێڵەکانی کارەبا و شکاندنی لقی درەختەکان و کەڵەکەبوونی پاشماوەی زیانەکانی ئاکامی زریانەکە لەسەر شەقامەکان.

بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکان،لە شارۆچکەی بارنستەبڵ لە ویلایەتی ماسەچوسێتس، درەختێک کەوتۆتە سەر ئۆتۆمبێلێک بەڵام پۆلیس توانیویانە خانمە شۆفێرەکەی نێو ئۆتۆمبێلەکە ڕزگار بکەن.

لە شارۆچکەی کەناری دەکسبێری لە باشوری بۆستن، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕایانگەیاند کە بەهۆی باهۆزەکەوە لە ماوەی 12 کاتژمێردا وەڵامی 90 تەلەفۆنیان داوەتەوە.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG