ڕۆژی هەینی نرخەکانی نەوت بۆ نزیکەی لە سەدا 3 بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بووەوە، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانەوە لە ئەگەری پەرسەندنی ململانێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەگەر بە ناوچەکەدا پەرەبسەنێت ئەوا دابینکردنی پێویستییەکانی نەوت تێکدەدات. ئەمەش دوای هەواڵی لێدانی ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریا لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە.
تا پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی نرخی بەرمیلێکی برێنت 2.25 دۆلار بەرزبووەوە کە دەکاتە 2.6% و گەیشتە 90.18 دۆلار. نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش (WTI) بە ڕێژەی 2.14 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 85.35 دۆلار.
ڕۆژی هەینی دوو فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکایی شوێنەکانی چەک و تەقەمەنییان لە سوریا کردە ئامانج، ئەوەش وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەگەر هێرشەکانی ئیسڕائیل دژی حەماس نەوەستێت ئەوا ئەمەریکاش " ئەم ئاگرەی هەر بەردەکەوێت."
سەرچاوەکان و بەرپرسان دەڵێن دوو ڕۆکێت لە شارۆچکە میسڕییەکانی سەر دەریای سوورییان داوە و چەندین کەس بریندار بوون، ئەمەش مەترسی پەرەسەندنی ململانێکە زیاتر دەکات.
لە هەمان کاتیشدا، هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشێکی گەورەی زەمینییان کردە سەر غەزە، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی هێزەکانی ئیسڕائیل هێشتا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی تەواو بۆ سەر غەزە.
تاوەکو ئێستا پەرەسەندنەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی نەوت نەبووە، بەڵام ترس لەوەی کە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن وەبەرهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتەوە لە ناوچەکەدا، بە وڵاتانی کەنداو و ئێرانیشەوە تێکبچێت، زیاد بووە.
بەپێی شیکارییەکانی بانکی گۆڵدمان ساکس، نرخەکانی نەوت دەکرێت بۆ لە سەدا 20 بەرز ببنەوە ئەگەر بازرگانییەکان لە تەنگەی هورموز تێک بچێت کە لە سەدا 17 ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز