Accessibility links

سەرۆک ئۆباما پـرۆژەی ڕاکێشانی لولەی نەوتی کیسـتۆن ڕەتدەکاتەوە


پاش حەوت سـاڵ لە مشتومڕ و کێشەمەکێشی سیاسی و ئابوری، سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ هەینی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ ڕاکێشانی لولەی نەوتی کیستۆن ڕاگەیاند، ئەوەی نەخشەی بۆ دانرابوو لە کەنەداوە بە ناوەڕاستی ئەمەریکا بێتە خوارێ هەتا دەگاتە سەر کەنداوی مەکسیک.

سەرۆک ئۆباما لە وتارێـکیدا لە کۆشـکی سـپی گوتی ڕاکێشانی ئەم لولە نەوتیـیە کە بە Keystone XL ناودێرکراوە، خزمەت بە بەرژەوەندیـیە نیشـتیمانیـیەکانی ئەمەریکا ناکات.

پاشان گوتی ئەم لولەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سوودێـکی ئەوتۆ بۆ ئابوری ئەمەریکا نابێت و و هەلی کاری بۆ دروست ناکات و نرخی سووتەمەنیش ناهێنێتە خوارێ. گوتیشی پەیوەندی بە جەستن ترودو سەرۆک وەزیری نوێی کەنەدا کردووە و لە بڕیارەکەی ئاگاداری کردووەتەوە.

وا دانراوە ئەم لولە نەوتە ڕۆژانە 800 هەزار بەرمیل نەوت لە ناوچەی ئالبێرتای کەنەداوە بۆ پاڵاوگەکانی نەوت لە هەردوو ویلایەتی ئیلینۆی و تەکساسی ئەمەریکا بگوێزێتەوە و پاشان بەرەو بەندەرەکانی سەر کەنداوی مەکسیک لە ویلایەتی تەکساس ببرێن.

بەشێـک لە ئەمەریکایـیەکان کە زۆربەیان لە دیموکراتەکانن لە دژی پـرۆژەکەن و دەڵێن زیان بە ژینگەی وڵاتەکەیان دەگەیەنێت، بەڵام هەشن کە زیاتر کۆماریـیەکانن پـرۆژەکەیان پێ باشە.

XS
SM
MD
LG