Accessibility links

سەرۆک ئۆباما داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات خۆیان لە شەڕ دوور ڕابگرن


براک ئۆبامای سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەی ەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی جیهان کرد خۆیان لە جەنگ و شەڕ بە دوور ڕاگرن و لەبری ئەوە بەشداری لە هەوڵە دیپلۆماتیە نوێیەکاندا بکەن بۆ چارەسەرکردنی شەڕوپێکدادانەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی ئەگەر ئێمە پێکەوە بە هەرەوەزی کارنەکەن، ئەوا زیانی ئاکامەکانی لە خۆمان دەکەوێت . سەرۆک ئۆباما گوتیشی بە پێکەوە کارکردنمان بەهێز دەبین.

سەرۆک ئۆباما لە درێژەی وتارەکەیدا داکۆکی لە توانا و هێزی لەشکری ئەمەریکای کرد و هەروەها لە هەڵمەتی لەشکری ئەمەریکاش لە دژی یاخیبوانی دەوڵەتی ئیسلامی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد و گوتیشی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی هەرگیز پەناگەیەکی سەلامەتیان نابێت.

سەرۆک ئۆباما ڕەخنەی لە ڕووسیا گرت بۆ لکاندنی نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکرانیا ساڵێک لەمەوبەر بە خاکەکەیەوە، هەروەها دەستێوەردانی ڕووسیاش لە پشتیوانیکردنی جوداخوازانی لایەنگرانی ڕووسیا لە هەرێمی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا . ئاماژەی بەوەش کرد کە سەپاندنی گەمارۆکانی سەر مۆسکۆ پێویستن لەبەر ئەوەی هیچ وڵاتیک بەبێ سزادانی ڕووسیا چاوپۆشی لە داگیرکردنی کریمیا ناکات.

سەبارەت بە سوریا سەرۆک ئۆباما گوتی وەڵامێکی ئاسان بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی چوار ساڵەی سوریا نیـیە، بەڵام گوتی کە دەبێت هەوڵی دیپلۆماسی بدرێت بۆ دەستەبەرکردنی ڕێکەوتنێک بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی سوریا پێکەوە بە ئاشتیانە بژین.

لە درێژەی وتەکەیدا گوتیشی دوای هەموو ئەو خۆێنڕشتن و کوشتارکاریـیە، سوریا ناتوانێت بگەڕێتەوە ڕەوەشی بەر لە جەنگەکە و داوای گواستنەوەی دەسەڵاتی لە سوریا کرد بە بێ بەشار ئەسەد.

ئەوەی جێی ئاماژەیە بەرپرسانی ئەرمەریکایی بەردەوام گوتویانە کە هیچ گۆڕانێکی سیاسی لە سوریادا نابێت هەتا ئەو دەمەی بەشار ئەسەد لە کورسی دەسەڵاتدا بێت.

پێشبینی دەکرێت جەنگی سوریا ببێتە تەوەرەی وتووێژی چاوەڕوانکراوی نێوان سەرۆک براک ئۆباما و ڤلادمیر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا کە بڕیارە لە درەنگانێکی دووشەممە ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG