سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما سەرکۆنەی توندوتیژی نێو خۆپیشاندانەکانی کرد و لە هەمان کاتیشدا پێشوازی لە کردەوەی ئاشتیانەی ئەو خۆپیشاندەرانە کرد کە هەوڵی چاکسازی دەدەن.
ئۆباما لە نووسراوێکدا لە پێگەی ئەلیکترۆنی میدیەمدا دەڵێت زۆرینەی ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداریـیان کردووە ئاشتیانە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن بەڵام کەمینەیەکی بچووک هەیە خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و زیان بە هەمان کۆمەڵگە دەگەیەنێت کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان دەکات.
ئۆباما وتیشی " توندوتیژی دەبێتە هۆی کاولبوونی ئەو ناوچانەی کە پێشتریش کەمی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان تیایاندا هەبووە و وەها دەکات دۆسێیە گەورەکە لەبەرچاودا نەمێنێت."
بەهۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیەکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئەفریکایی (جۆرج فلۆید) لە کاتی دەستگیرکردنی لەلایەن پـۆلیسەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە سەرتاسەری ئەمەریکادا بەڕێوەدەچێت و لە هەندێک شوێن توندوتیژی لێکەوتۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز