سەرۆک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کۆبوونەوە و وتووێژیان لە بارەی بابەتەکانی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە کرد.
ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆشـکی سـپی یەکەم کۆبوونەوەی نێوانیان ئەنجام درا، پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنێـکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەسـتهێنا.
لە لێدوانێـکی کورتدا بۆ ڕۆژنامەوانان سەرۆک ئۆباما گوتی کۆبوونەوەیەکی زۆر باشیان ئەنجامدا و چی لە توانایدابێت دەیکات تاوەکو بە شێوەیەکی ڕێکوپـێـک دەسەڵاتەکانی سەرۆک بداتە دەست دۆناڵد ترەمپ. جەختی لەوەش کرد کە سەرەڕای جیاوازی پارتەکانیان و ناکۆکیـیەکانیان دەبێت بە هەموویان پـێکەوە کاربکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختیـیەکان.
پاشان ڕووی دەمی کردە ترەمپ و گوتی "دڵنیات دەکەمەوە بە هەرچی لە تواناماندایە یارمەتیت دەدەین تاوەکو سەرکەوتووبیت، چونکە ئەگەر تۆ سەرکەوتووبیت ئەوا مانای ئەوەیە وڵاتەکەش سەرکەوتوو بووە."
ترەمپ لای خۆیەوە سوپاسی ئۆبامای کرد و گوتی بڕیاربوو کۆبوونەوەکە 10 بۆ 15 خولەک درێژە بکێشێت، بەڵام کاژمێرێـک و نیو درێژەی کێشا. گوتیشی وتووێژیان لە بارەی زۆر بابەت کردبوو، هەندێـکیان زۆر باشبوون و هەندێکیشیان سەختبوون. هیواشی خواست لە ئایندەدا کار لەگەڵ ئۆباما بکات، لەوانە ڕاوێژی پـێبکات.
هەرچەندە ڕۆژنامەوانان هەوڵیان دا پـرسیاریان لێ بکەن، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدرا.