Accessibility links

وردەکاری مەراسیمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە براک ئۆباما بۆ دۆناڵد ترەمپ

  • VOA News

مەراسیمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە درێژایی مێژویـیەکەی گرنگیـیەکی تایبەتی خۆی هەیە. هەر لە سەردەمی جۆرج واشنتنەوە کە لە ساڵی 1789 پـۆستی سەرۆکایەتی گرتەدەست هەتا ئەمساڵی 2017 کە براک ئۆباما دەسەڵاتەکان ڕادەستی دۆناڵد ترەمپ دەکات.

لە ماوەی 228 ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا 44 سەرۆک حوکمڕانی کرد و ئەم هەینیـیەش دۆناڵد ترەمپ وەکو 45 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاردەبێت. ئەمیش وەکو هەموو سەرۆکەکانی پـێشوو بە مەراسیمێـکی مەزن دەسەڵاتەکانی ڕادەستدەکرێت.

بەیانی ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ و مڵانیا خانمی یەکەمی داهاتووی وڵاتەکە بۆ نوێژ و نزا دەچنە کڵێسای جۆن ئپـسکۆپـڵSt. John's Episcopal Church کە لە نزیک کۆشـکی سـپیـیە، ئەمەش نەریتێـکە لە سەردەمی سەرۆک فرانکلین ڕۆزڤێڵتەوە پـیادەدەکرێت و هەرچ سەرۆکێـک بە دوایدا هاتووە بە هەمان شێوەی کردووە.

پاشان براک ئۆباما و میشێلی هاوسەری لە کۆشـکی سـپی پـێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ و مڵانیا دەکەن و لە دانیشتنێـکی کورتدا پـێکەوە چایەک یان قاوەیەک دەخۆنەوە و بە دوایدا وەکو هەموو سەرۆکەکانی پـێشوو، براک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ پـێکەوە لە کەژاوەیەکدا لە کۆشـکی سـپیـیەوە بەرەو بینای کۆنگرێس دەڕۆن، کە لەوێ بەشە سەرەکیـیەکانی مەراسیمەکەی لێ بەڕێوەدەچن.

هاوکات سەرۆکەکانی پـێشووی وڵاتەکە، لەوانە جۆرج بوش لەگەڵ لۆرای هاوسەری و بێڵ کلنتن لەگەڵ هێلەری هاوسەری و جێمی کارتەر ئامادەی مەراسیمەکە دەبن، بەڵام سەرۆک بوشی باوک بەهۆی خراپی باری تەندروستیـیەوە ئامادە نابێت.

هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتی کۆنگرێس لەگەڵ کاربەدەسـتانی بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو و نوێ و دیپـلۆماتانی وڵاتان ئەوانیش ئامادەی مەراسیمەکە دەبن. بەڵام لە ئەمساڵدا ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی سەر بە دیموکراتەکان بڕیاریان داوە ئامادەی مەراسیمەکە نەبن.

مەراسیمی سەرەکی لە دیوی ڕۆژئاوای بینای کۆنگرێس سازدەکرێت کە لەوێ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکە بەڕێوەدەچێت بە ئامادەبوونی سەدان هەزار کەس. لە میانەی مەراسیمەکە نمایشی سیڤیلی و لەشکریش پـێشکەش دەکرێن.

بێ گومان ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرە لە بۆنەکەدا، وایکردووە ڕێوشوێنی ئاسایشی ئێجگار توندوتۆڵ بگیرێتەبەر. دەزگای سەلامەتی سەرۆکایەتی سەرپەرشتی کارە ئاسایشیـیەکان دەکات لەگەڵ پـۆلیس واشنتن. 3 هەزار پـۆلیس و 5 هەزار پاسەوانی نیشتمانی چاودێری بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە دەکەن.

سەرۆکی شارەوانی واشنتنی پایتەخت خانم مورێل بۆزەر دەڵێت هەموو ئامادەکاریـیەکانیان بە سەرکەوتوویانە ئەنجامداوە و پـێشبینی دەکات تێکڕای خەرجیـیەکانی تایبەت بە مەراسیمەکە بگاتە 30 ملیۆن دۆلار.

لە میانەی مەراسیمەکە چەندان وتار و سروود پـێشکەش دەکرێن و بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر دەسـتی سەرۆکی دادگای باڵا سوێندی سەرۆکایەتی بخوات و وتاری خۆی پـێشکەش بکات، مایک پـێنسی جێگری سوێندی فەرمی خۆی دەخوات.

پاش تەواوبوونی مەراسیمی بەردەم کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپ و مڵانیای هاوسەری هەتا دەرەوەی بینای کۆنگرێس یاوەری براک ئۆباما و میشێلی هاوسەری دەکەن و لەوێدا ماڵئاوایـیان لێ دەکەن لە بەردەم هەلێکۆپتەری سەرۆکایەتی کە بۆ دواجار براک ئۆباما و میشێل ئۆباما بەکاریدەهێنن وەکو هەموو سەرۆکەکانی پـێشوو. لە هەمان کاتدا مایک پـێنس جێگری سەرۆکی نوێ و کارنی هاوسەری ئەوانیش ماڵئاوایی لە جۆ بایدن و جێڵی هاوسەری دەکەن.

بڕیارە ئەم جارە هەلیکۆپـتەرەکە براک ئۆباما و میشێلی هاوسەری بەرەو بنکەی ئەندرۆزی هێزی ئاسمانی لە میریلاند بەرێت کە لەوی ئاهەنگێـکیان بۆ سازدەکرێت و تیایدا سەرۆک ئۆباما ماڵئاوایی لەو فەرمانبەرانە دەکات کە بە درێژایی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی لەگەڵیاندا کاری کردبوو. پاش تەواوبوونی ئاهەنگەکە بۆ دواجار سواری فڕۆکەی سەرۆکایەتی دەبن تاوەکو بۆ شوێنی گەشتیاری پاڵم سبرینگی کالیفۆرنیایان ببات کە بە نیازن ماوەیەکی پشـوو لەوێ بەسەربەرن، بەر لەوەی بگەڕێنەوە بۆ واشنتنی پایتەخت کە براک ئۆباما و خێزانەکەی بە نیازن چەند ساڵێـک هەر لە واشنتن بمێنەوە هەتا کچە بچوکەکەیان خوێندنی ئامادەیی تەواودەکات.

هاوکاتی ڕۆیشتنی براک ئۆباما و جۆ بایدن، لە بینای کۆنگرێس، نیوەڕۆخوانێـک بۆ سەرۆکی نوێ سازدەکرێت بە خواردنی ویلایەتەکەی سەرۆکی نوێ، ئەمەش نەریتێـکە لە ساڵی 1953 وە لە سەردەمی سەرۆک ئایزنهاوەرەوە پەیڕەودەکرێت. بۆ ئەمساڵ خواردنی ویلایەتی نیویۆرک پـێشکەش دەکرێت، بەو پـێـیەی دۆناڵد ترەمپ لەو ویلایەتەوە هاتووە.

پاشان سەرۆکی نوێ دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ مڵانیای خانمی یەکەمی نوێی وڵاتەکە بە کەژاوەیەک لە بینای کۆنگرێسەوە بە جادەی پەنسلڤانیا بەرەو کۆشکی سـپی دەڕۆن کە نزیکەی 3.5 کیلۆمەتر درێژە. سەرۆکەکانی پـێشوو بەشێـکیان بە گالیسکە و بەشێـکیان بە ئۆتۆمبیل و ژمارەیەکیان بە پـێ ڕێگەکەیان بڕیوە. جێمی کارتەر یەکەم سەرۆک بوو بە پـێ ڕێگەگەی بڕی.

دواتر لە سەنتەری بۆنەکانی واڵتەر واشنتن لە واشنتنی پایتەخت لە کاژمێر 7 ی ئێوەراوە هەتا 11 ی شەو ئاهەنگ و سەما سازدەکرێت بە ئامادەبوونی سەرۆکی نوێ و هاوسەرەکەی. بەمەش کۆتایی بە مەراسیمەکە دێت. ئەم نەریتی سەماکردنە لە سەردەمی سەرۆک جێمس مادیسۆن لە ساڵی 1801 وە دەسـتیپـێکردووە.

XS
SM
MD
LG