Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: ناردنی سەرباز بۆ سوریا بە پـێچەوانەی بەڵێنەکانم نیـیە


سەرۆک ئۆباما دەڵێت پلانی ناردنی دەیان سەربازی هێزی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بە پـێچەوانەی ئەو بەڵێنەی نیـیە کە پـێـشتر داویەتی و گوتویەتی هێزی زەمینی ڕەوانەی شەڕ ناکات.

لە چاوپـێـکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵی NBC ئەمەریکایی، سەرۆک ئۆباما گوتی ئەم هەنگاوە تەنها درێژەی ئەو هەوڵانەی ئەمەریکایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا بەشداری لە شەڕدا ناکات وەکو ئەوەی پـێشتر لە عێراقدا ئەنجامی دابوو و هەروەها هیچ هێزێـکی ئەمەریکایی لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش دانانێت، چونکە بە گوتەی خۆی بەوە کێشەکە چارەسەر ناکرێت.

هەینی ڕابردوو کۆشـکی سـپی ڕایگەیاند هێزێـکی تایبەتی ئەمەریکا کە ژمارەیان لە 50 کەس کەمتر دەبێت ڕەوانەی سوریا دەکرێن بە مەبەستی پـێشـکەشکردنی ڕاوێژ بۆ هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی شەڕی دژی داعش دەکەن، ئەمەش بە گۆڕانێـکی گرنگ لە ستراتیژیەتی ئەمەریکا لە بەرامبەر سوریا دادەنرێت، لە پاش زیاتر لە ساڵێـک لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لەو وڵاتەدا.

سەرۆک ئۆباما پـێشـتر زۆر لە دژی ڕەوانەکردنی سەربازانی ئەمەریکایی بۆ شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. سـاڵی 2013 لە وتارێـکیدا گوتی سەرباز ڕەوانەی سوریا ناکات، بەڵام سـاڵی ڕابردوو گوتی هێزی شەڕکەر ڕەوانە ناکات.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما لە ژێر فشاردایە بۆ زیادکردنی هەوڵەکانی لە دژی داعش، بە تایبەتی پاش ئەوەی داعش لە مانگی چوار شاری رومادی داگیرکرد و هەروەها لەم دوایـیانە بەرنامەیەکی لەشکری ئەمەریکا بۆ مەشق و ڕاهێنانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا شکستی هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی.

XS
SM
MD
LG