Accessibility links

سەرۆک ئۆباما گەیشتە عەرەبسـتانی سعودیـیە


سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە عەرەبسـتانی سعودیـیە و چاوەڕوان‌دەکرێت لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدول عەزیز سەبارەت بە کۆمەڵێـک بابەت وتووێژ بکات، لەوانە ئێران و شەڕی یەمەن و هەوڵەکانی دەدرێن بۆ شکستهێنان بە داعش و شەڕی ناوخۆی سوریا.

ئەم سەردانە لە کاتێـکدایە کە پەیوەندیـیەکانی نێوان کۆشکی سـپی و شانشینی عەرەبستانی سعودیـیە نیمچە ساردیـیەکی تێکەوتووە. سەرۆک ئۆباما ڕەخنەی لە سعودیـیەکان گرتووە و دەڵێت سعودیـیە وەکو پـێویست بەشداری شەڕی داعش ناکات. ئەمەریکاش سعودیـیەی نیگەران کرد پاش ئەوە چووە پاڵ هێزە جیهانیـیەکان و بە ڕێکەوتنێـک لەگەڵیدا گەیشتن لەسەر بەرنامە ناوکیـیەکە کە بوار دەدات لە ڕێگەی لابردنی سزاکان سڕکردنی سەر ملیاران دۆلاری ئێران لە بانک و دامودەزگاکانی جیهاندا لاببرێن.

ئەمە چوارەمین سەردانی سەرۆک ئۆبامایە بۆ ئەو وڵاتە لەوەتای بووەتە سەرۆک. ئەمڕۆ لەگەڵ شا سەلمان کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بەر لە بەستنی کۆنگرەی لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کە بڕیارە ڕۆژی پـێـنجشەممە لە ڕیاز بەڕێوەبچێت.

بن ڕۆدس جێـگری ڕاوێژکاری سەرۆک ئۆباما بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت هەرچەندە پەیوەندیـیەکان لەگەڵ سعودیـیە ئاڵۆزن، بەڵام جۆرە بنەمایەک هەیە بۆ هاوکاریکردن لە پـێناو بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەتی لە بواری شەڕی دژە تێرۆردا.

XS
SM
MD
LG