سەرۆک ئۆباما لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا شەوی یەکشەممە سەردانی شانۆی پاتەکلانی پاریسیان کرد و لەوێ تاجە گوڵینەیان دانا بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ئەو 90 کەسەی لە هێرشەکانی 13ی مانگی یازدە لەوێ بە دەسـتی تێرۆرستان کوژران.
هەروەها خانم ئان هێدالغوو سەرۆکی شارەوانی پاریس ئەویش بەشداری لە دانانی تاجە گوڵینەکەدا کرد. پاشان پـێکەوە بۆ ساتێـک ماتەمینی وەستان.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ئۆباما گەیشتە پاریس بۆ بەشداریکردن لە 21 هەمین کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا کە بە ئامانجی دانانی سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی گەرمای زەوی سـازدەکرێت.
جەستن ترودو سەرۆک وەزیری کەنەدا ئەویش ڕۆژی یەکشەممە سەردانی شانۆکەی کرد و تاجە گوڵینەی خۆی دانا. مانوێل فاڵس سەرۆک وەزیری فەڕەنسا یاوەری کرد.
چاوەڕواندەکرێت لە میانەی سازکردنی کۆنگرەکە کە تیایدا نزیکەی 150 ڕێبەری جیهانی بەشداری دەکەن، ژمارەیەک زۆریان سەردانی شوێنەکە بکەن بۆ ڕێزلێنان لە گیانی قوربانیـیەکانی هێرشەکانی پاریس.