Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت هەنگاوی باش نراوە بۆ پاراستنی کەرەستە ناوکیـیەکان


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت لەم سەدەی بیست و یەکەدا لە جیهاندا گرفت هەن کە ناکرێت وڵاتێـک بە تەنیا چارەسەریان بکات، بەڵام جەختی لەوە کرد هەنگاوی باش نراوە لە بواری پاراستنی کەرەستە ناوکیـیەکاندا.

ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەی ئاسایشی ناوکی لە واشنتن کە زیاتر لە 50 ڕێبەری جیهان تیایدا بەشداریـیان کرد، سەرۆک ئۆباما ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەمە پـێویستی بە هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان وڵاتان و دامودەزگاکاندا.

بەڵام گوتی ئەوەی جێی خۆشحاڵیـیە توانیومانە هەنگاوێـکی گەورە بنێـین لە بواری ئاسایشی ناوکیدا و بەڵێنی دا ئەمەریکا بەردەوامبێت لە هاوکاریکردن لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ کەمکردنەوەی عەمباری ناوکی و پاراستنیان. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە مەسەلەی پاراستنی ئاسایشی ناوکیـیان خستووەتە پـێشی کارەکانیانەوە.

گوتی بە دەیان وڵات پـێکەوە کاردەکەن بۆ بەجێ‌گەیاندنی 260 ئەرک بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوکی کە لەم کۆنگرەیە و کۆنگرەکانی پـێشوو بەڵێنی جێبەجێکردنیان درابوون. گوتی هەتا ئێسـتا سێ لەسەر چواری ئەو ئەرکانە جێبەجێکراون و زیاتر لە 10 وڵات یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆمە زۆر پـیتێنراوەکانیان لەناوبردووە کە ئەمانە دەکران لە دروسـتکردنی بۆمبی ناوکی بەکاربهێنرێن.

باسی لەوەش کرد کە وەهایان کردووە قورسبێت تێرۆرستان دەسـتیان بگات بە کەرەستە ناوکیـیەکان، بۆیە هیچ گروپێـکی تێرۆرسـتی نەیتوانیوە دەستی پـێـیان بگات. گوتیشی " دەمانەوێت گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەکو داعش دەسـتیان نەگات بە ماددە ناوکیـیەکان."

سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێران، سەرۆک ئۆباما گوتی دەبێت وڵاتانی گروپی 5+1 بەردەوامبن لە کارکردن لەگەڵ تاران تاوەکو دڵنیاببن لەوەی ڕێکەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئێران کاتی دەوێت تاوەکو بۆ نێو ئابوری جیهان بگەڕێتەوە.

XS
SM
MD
LG