Accessibility links

سەرۆک ئۆباما سەردانی وڵاتی لاوس دەکات


سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە ڤیەنتیانی پایتەختی وڵاتی لاوس، بەمەش دەبێتە یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

بونهانگ وارچیت سەرۆکی لاوس لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ڤیەنتیان پـێشـوازی لە سەرۆک ئۆباما و شاندی یاوەری کرد و پاشان پـێـکەوە کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

سەرۆک ئۆباما لە میانەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند ئەمەریکا بۆ ماوەی 3 ساڵ بە 90 ملیۆن دۆلار بەشداری دەکات لە پاککردنەوەی وڵاتەکە لەو بۆمبە نەتەقیوانەی ئەمەریکا لە نێوان ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدی ڕابردوو بەسەری هەڵداون لە میانەی شەڕی ڤێتنامدا.

جێی ئاماژەیە لە میانەی ئەو شەڕەدا ئەمەریکا نزیکەی 2.2 ملیۆن بۆمبی بەسەر لاوس بەرداوەتەوە، لەوانە یەک لەسەر سێـیان هەتا ئێستا نەتەقیونەتەوە.

سەرۆک ئۆباما لەم بارەیەوە گوتی پـێموایە ئەمەریکا ئەرکێـکی ئەخلاقی لەسەر شانە، ئەویش یارمەتی لاوس بدات لەوەی برینەکانی ساڕێژبکاتەوە.

کاربەدەسـتێـکی کۆشکی سـپی گوتی هەردوو وڵات سەردەمێـکی نوێـیان لە پەیوەندی دەسـتپـێـکردووە لەسەر بنچینەی ڕێزگرتن لە یەکتر و ساڕێژکردنی برینەکانی ڕابردوو و پاشان هاوکاریکردن لە بوارەکانی ئابوری و تەکنەلۆجیا و فێرکردن و ئاسایش و ژینگە و مافەکانی مرۆڤ.

پاشان سەرۆک ئۆباما لە هۆڵی کولتوری میلـلی لاو وتارێـکی بۆ نزیکەی هەزار کەس پـێشکەشکرد و تیایدا جەختی لەوە کرد لە داهاتوو ناوچەی ئاسیا پاسفیک زیاتر جێی بایەخی ئەمەریکا و هەموو جیهان دەبێت و گوتی دەتوانن لە خۆشی و ناخۆشیدا پشـت بە ئەمەریکا بـبەستن.

XS
SM
MD
LG