Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: موسڵمانان بەشێـکی سەرەکیـن لە پـێکهاتەی ئەمەریکا


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەوانەی دەڵێن ئەمەریکا لە حاڵەتی شەڕدایە لە دژی ئیسلام، ئەو ڕاستیـیە نازانن کە هەموو ئاینەکانی جیهان بەشێـکن لەم وڵاتەدا و هەموو ئاینێـک بەشێـکی سەرەکیـیە لە پـێکهاتەی خەڵکی ئەمەریکا.

سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی مزگەوتی ئەلڕەحمەی شاری باڵتیمۆری ویلایەتی مێریلاندی نزیک واشنتنی پایتەخت کرد و لەوێ وتارێـکی پێشـکەشکرد و تیایدا گوتی دامەزرێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاتی خۆی پـێشـوازیـیان لە موسڵمانەکان کردووە و گوتوویانە دەبێت هەرچی کرستیان و جولەکە و موسڵمانە لەم وڵاتە وەکو یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێن. گوتیشی هەردوو سەرۆک تۆماس جێفرسن و جۆن ئادەم کتێبی قورئانیان هەبووە.

پاشان گوتی چەندان نەوەی موسڵمان یارمەتیـیان داوە لە بنیادنانی ئەمەریکا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد موسڵمانێـکی ئەمەریکایی نەخشەی تاوەری شاری شیگاکۆی داناوە. هەروەها گوتی کەسی موسڵمان لە هەموو شوێنێـکی ئەم وڵاتەدا هەن، دراوسێی ماڵە، مامۆستایە، پـزیشکە، سەربازە، پـۆلیسە، ئەندامی دەزگا زانیاریـیەکانە، لە ئاسایشی نەتەوەیی‌یە، زانایە کە خەڵاتی نۆبڵی بردۆتەوە یان شتی داهێناوە، هەن وەرزشوانن وەکو محەمەد عەلی کلای و عەبدولکەریم عەبدولجەبار.

هەروەها سەرۆک ئۆباما ڕایگەیاند بۆ ئۆلمپیادی داهاتوو لە نێو تیمی ئەمەریکا ژنێـکی موسڵمان بە حیجابەوە ئاڵای ئەمەریکا بەرزدەکاتەوە، ئەویش ئیبتهاج محەمەدە.

پاشان ئاماژەی بۆ موسڵمانانی ئەمەریکا کرد کە وەکو ئەمەریکایـیەکانی دیکە لە بارەی تێرۆرەوە نیگەرانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شتی دیکەش نیگەرانی کردوون، ئەویش کاتێک بە تاوانباریان دادەنێن بەهۆی کارە تێرۆرستیـیەکانەوە. سەرۆک ئۆباما بە توندی ئەو بۆچوونەی ڕەتکردەوە و گوتی زۆربەی زۆری ئەوانەی داعش کوشتوونی ژن و پیاو و منداڵی موسڵمان بوون.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی باشترین ڕێگە بۆ شەڕی تێرۆرزم ئەوەیە پـرۆپاگەندەکانی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان بە درۆبخەینەوە و نیشانی بدەین ئەمەریکا موسڵمانان سەرکوت ناکات، بەڵکو ڕێزیان لێدەگرێت و خۆشحاڵە بە سەرکەوتنیان.

جەختی لەوەش کرد کە نابێت ئەمەریکایـیەکان بکەونە داوی پـرۆپاگەندەی ئەو گروپە تێرۆرستانە و بڵێین ئیسلام ڕەگی کێشەکەیە، چونکە ئەوە دەبێتە خیانەتێـک لە بەرامبەر بەها مرۆیـیەکانی بڕوامان پـێی هەیە و موسڵمانەکانی ئەمەریکا دڵگران دەکات. ئاگاهیشی دا ئەو عەقڵیەتی ئیسلام بە هۆکاری تێرۆرزم زانینە، یارمەتی دوژمنانی ئەمەریکا دەدات لە ڕاکێشانی کەسانێـک بە لای خۆیاندا و دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەلامەتی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG