Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: بەردەوامین لە هێرشبردن و داعش لە حاڵەتی بەرگریدایە


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت داعش ناوچەی گەورەی لەدەستداوە کە پـێشـتر لە عێراق و سوریا داگیریکردبوون و هەروەها ژمارەی چەکدارانی بیانیشی زۆر کەمبووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە مەبەستی تاووتوێکردنی شەڕی دژی داعش و هێرشە تێرۆرستیـیەکەی ئۆرلاند، سەرۆک ئۆباما گوتی داعش نیوەی ئەو ناوچانەی لەدەسـتداوە کە لە عێراق داگیریکردبوون و دانیشتوانی لێـن، و بەردەوام ناوچەی دیکەش لەدەستدەدات، هەروەها لە سوریاش.

گوتیشی لە ئێسـتا هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە حاڵەتی هێرشبردندان و داعشیش لە حاڵەتی بەرگریـیە.

سەرۆک ئۆباما گوتیشی" ئامانجمان لەناوبردنی داعشە، وە پـێش دوو مانگ بڕیارم دا هەنگاوی زیاتر لە دژی ئەم ڕێکخراوە بنرێت."

پاشان ڕایگەیاند زیاتر لە 120 ڕێبەری گەورەی داعش کوژراون و داعش بەردەوامە لەسەر لەدەسـتدانی خاک و پارە چ لە عێراق یان لە سوریا.

سەبارەت بە هێرشە تێرۆرستیـیەکەی ئۆرلاند، ئەوەی زیاتر لە 100 کەس تیایدا کوژران یان برینداربوون، سەرۆک ئۆباما گوتی " هێشـتا هیچ زانیاریـیەکی ورد بەردەسـت نەکەوتووە و پـێدەچێت کارێـکی تاکە کەسی بووبێت و ڕەنگە پەیوەندی بە داعشیشەوە نەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە باسی لە گرنگی دانانی یاسا و ڕێسای توندی بۆ فرۆشتنی چەک کرد و گوتی یاسادانەران دەتوانن لەم بوارەدا یارمەتی بدەن، ئەوەش بە ڕێگەی قەدەغەکردنەوەی فرۆشتنی چەکی هێرشبەری.

XS
SM
MD
LG