Accessibility links

سەرۆک ئۆباما لەسەر چۆنێتی شەڕی داعش ڕەخنە لە کۆماریـیەکان دەگرێت


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی هەندێک لەو ڕەخنە ڕەوایانە قبوڵ دەکات کە لێی دەگیرێن لەسەر شکستهێنانی لە ڕوونکردنەوەی ستراتیژیەتەکەی لە دژی داعش بە شێوەیەکی گونجاو.

ڕادیۆی نیشـتیمانی ئەمەریکا NPR لە بەرنامەکانی ئەمڕۆ دووشەممە وتووێژێـکی لەگەڵ سەرۆک ئۆباما بڵاوکردەوە کە پـێنجشەممەی ڕابردوو لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو.

سەرۆک ئۆباما لە بارەی لێدوانی ئەو کۆماریـیانەی خوازیارن ببنە کاندیدی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سـاڵی 2016 ، گوتی" لە ڕووبەڕووبوونە تەلەفیزیۆنیـیەکانیاندا بینیومن، کاتێـک پـرسیاریان لێ دەکرێت ئەگەر ئێوە بوونایە چیتان دەکرد؟ دەبینیت وەڵامیان لا نیـیە."

پاشان هۆکاری دابەزینی ئاستی پـشـتیوانی جەماوەری بۆی لە چۆنێتی مامەڵەکردنی بۆ نەهێشتنی تێرۆر، گەڕاندەوە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند کە لە پاش هێرشەکانی سەر پاریس سەنگیـیان خستووەتە سەر هێرشەکانی داعش.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا 9 هەزار هێرشی لە دژی داعش ئەنجامداوە و هەروەها شاری شەنگالی لە دەستی داعش ڕزگارکردووە.

جێی ئاماژەیە ناوەندی پـێو بۆ توێژینەوە لەم دوایـیانە ڕاوەرگرتنێـکی گشتی ئەنجامداوە. بەپـێی ئەنجامەکەی دەرکەوتووە 37% ی بەشداربووەکان لە چۆنێتی مامەڵەکردنی سەرۆک ئۆباما لەگەڵ مەسەلەی تێرۆر قایلن، بەڵام 57% ی بەشداربووەکان لەگەڵیدا نەبوون. ئەمەش نزمترین ئاستی پشـتیوانیـیە کە هەتا ئێسـتا لە سەرۆک ئۆباما کرابێت لەم مەسەلەیدا.

سەبارەت بەو پـێشـنیارانەی دەکرێن بۆ دروسـتکردنی ناوچەیەکی قەدەغە فڕین لە سوریا، گوتی ئەمە هیچ سوودێـکی بۆ شەڕی دژی داعش نابێت، چونکە داعش چەکی ئاسمانی نیـیە.

XS
SM
MD
LG