Accessibility links

سەرۆک ئۆباما جەخت لە سەرکەوتوویی ستراتیژیـیەتی شەڕی دژی داعش دەکاتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ستراتیژیەتەکەی لە دژی داعش سەرکەوتووە و داعش 40% ی ئەو ناوچانەی داگیریکردبوون لەدەسـتداوە و بەردەوامە لە دەسـتدانی ناوچەی زیاتر.

سەرۆک ئۆباما ڕۆژی دووشەممە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشـتیمانی وڵاتەکەی و کاربەدەسـتانی باڵای لەشکری لە وەزارەتی بەرگری لە وتارێـکدا ڕایگەیاند لەوەتای هاوینی ئەمساڵەوە داعش نەیتوانیوە هیچ هێرشێـکی زەمینی سەرکەوتوو لە عێراق یان لە سوریا ئەنجام بدات.

گوتیشی داعش ناوچەی لەدەستداوە لە پارێزگای کەرکوک و نزیک تکریت و شەنگال و ڕێگەیەکی زۆر گرنگی لەدەسـتدا و هەروەها لە بێجیش وەدەرنراوە کە لەوێ پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوتی لێـیە.

بەڵێنیشی دا کۆمەک و یارمەتیـیەکانی بە داعش دەگەن ببڕدرێن و سنوورێـک بۆ پـرۆپاگەندەکانی لە جیهاندا دابنرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە پایزەوە بەر لە هێرشەکانی پاریس و سانبێرناردینۆی کالیفۆرنیا داوای توندکردنی هێرشەکانی دژی داعشی کردبوو، بۆیە ژمارەی هێرشە ئاسمانیـیەکان زیادکران و هێزی تایبەتیش بۆ ئەم مەبەستە ڕەوانەکران.

سەرۆک ئۆباما گوتیشی هێشـتا شەڕەکە قورەسە و داعش لە شوێنی خەڵکی سیڤیلدا هەیە و خۆی لە پشـتی ئەو خەڵکەوە دەشارێتەوە و وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت، بۆیە دەبێت گورزی ورد لە دژی بهاوێژرێن. هەروەها گوتی لەگەڵ ئەمەشدا هێزە هاوپەیمانەکانمان لەسەر زەوی شەڕی داعش لە شار و گوندەکان دەکەن ماڵ بە ماڵ و شەقام بە شەقام.

لە بەشێـکی وتارەکەیدا سەرۆک ئۆباما باسی لەوەش کرد تواناکانی هێزی ئاسمانیان زیاترکردووە بۆ شەڕی دژی داعش و گوتی لە مانگی ڕابردوو زۆرترین هێرشی ئاسمانیـیان لە دژی داعش ئەنجامداوە بە بەرداورد بە مانگەکانی پـێشووی بە درێژایی شەڕەکە.

سەبارەت بە لەناوبردنی سەرکردەکانی داعش، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی یەک بە یەکیان دەکەینە ئامانج و هیچ شێنێـک ناهێڵینەوە کە خۆیانی تیایدا حەشار بدەن. پاشان ناوی ژمارەیەک لەو سەرکردانەی داعشی هێنا کە لەم ماوەیەی ڕابردوو لە لایەن هاوپەیمانانەوە کوژراون.

گوتیشی پـشـتگیری لە هەموو ئەو هێزانە دەکەن کە لە عێراقدا کار بۆ وەدەرنانی داعش دەکەن و هەروەها پشـتیوانی لە ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا دەکەن کە لەسەر زەوی شەڕی داعش دەکەن. هەروەها گوتی هاوکاری تورکیا دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکەی.

XS
SM
MD
LG