Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما: شه‌ڕی دژی داعش درێژه‌ ده‌کێشتێت


براک ئۆباما سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت شه‌ڕی دژی داعش شه‌ڕێکی به‌ په‌له‌ نابێت، به‌ڵکو شه‌ڕێـکه‌ درێژه‌ ده‌کێشتێت، چونکه‌ داعش هه‌لپه‌رست و فێڵبازه‌ و له‌ زۆر شوێنی عێراق و سوریا ده‌چێته‌ ناوچه‌کانی خه‌ڵکی سیڤیلی بێ تاوان، بۆیه‌ کاتی ده‌وێت تاوه‌کو ڕیشه‌کێش بکرێت.

سه‌رۆک ئۆباما ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا (په‌نتاگۆن) ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند پاش کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاشتۆن کارته‌ر وه‌زیری به‌رگری و جه‌نه‌ڕاڵ مارتن دێمپسی سه‌رۆکی له‌شکر و ژماره‌یه‌ک له‌ کاربه‌ده‌سـتانی باڵای له‌شکر، به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێکردنی پلانه‌کانی شه‌ڕی دژی داعش.

سه‌رۆک ئۆباما جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا هێزی شه‌ڕکه‌ری خۆی نانێرێت و شه‌ڕی داعش له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌رکی هێزه‌ خۆجێـیه‌کانه‌ و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هاوپه‌یمانانه‌ پشـتیوانی ئه‌و هێزانه‌ بکه‌ن به‌ مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژ و پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی.

پاشان گوتی له‌ شه‌ڕدا سه‌رکه‌وتن هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها شکستیش ده‌بێت. داعش توانی شاری ڕومادی و چه‌ند ناوچه‌یه‌ک له‌ سوریا داگیربکات، به‌ڵام کاتێک له‌سه‌ر زه‌وی هێزی کاریگه‌ری هاوبه‌شمان ده‌بێت، ئه‌وا ده‌کرێت پاشه‌کشه‌ به‌ داعش بکرێت. له‌ عێراق داعش به‌نداوی موسڵ و چیای شه‌نگال و چه‌ندان ناوچه‌ له‌ پارێزگای که‌رکوکی له‌ده‌سـتدا و هه‌روه‌ها تکریت. به‌ گشتی داعش یه‌ک له‌سه‌ر چواری ناوچه‌ی دانیشتوانی له‌ ده‌سـتداوه‌ که‌ پێشـتر ده‌سـتی به‌سه‌ردا گرتبوون.

له‌ سوریا داعش کۆبانی له‌ده‌سـتدا و له‌م دوایـیانه‌ش ناوچه‌ی دیکه‌ی له‌ باکوری سوریا له‌ده‌ستدا، له‌وانه‌ شاری گرنگی گرێ سـپی که‌ ڕێگای کۆمه‌کی له‌ بنکه‌ی سه‌ره‌کی داعش له‌ شاری ڕه‌ققه‌ بڕی، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌مان پـێده‌ڵێن که‌ ستراتیژیـیه‌تی لاوازکردنی داعش ڕاسته‌.

سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی له‌ ئێسـتادا خۆپه‌خشانی زیاتری خێڵه‌ سووننه‌کان په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌کانی دژی داعش ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌وه‌ی به‌ خێرایی چه‌ک و پـێداویستی له‌شکری، له‌وانه‌ چه‌کی دژه‌ زرێپـۆش ڕه‌انه‌ی هێزه‌ عێراقیـیه‌کان بکات به‌ هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ و خێڵه‌ سووننه‌کانیشه‌وه‌.

ده‌قی وتاره‌که‌ی سه‌رۆک ئۆباما له‌م ڤیدیۆیه‌دایه‌.

XS
SM
MD
LG