Accessibility links

سەرۆک ئۆباما دەڵێت داعش زۆر لاوازکراوە بەڵام هێشتا شەڕەکەی قورس و هەستیارە


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ناوچەیەکی فراوان لە عێراق و سوریا لە داعش ڕزگارکراوە و لە ئێسـتادا ئەم گروپە تاوانکارە گەمارۆدراوە بە تایبەتی لەو شار و شارۆچکەکانەی هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی ماونەتەوە.

سەرۆک ئۆباما شەوی پـێنجشەممە لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاساشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، لە وەزارەتی دەرەوە وتارێـکی لە بارەی شەڕی داعش و قەیرانی سوریا پـێشـکەش کرد و تیایدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتیشی لەگەڵ ئەو هەموو شکست و پاشەکشەی داعش، بەڵام هێشتا شەڕەکە سەخت و هەستیارە، بەو پـێـیەی خەڵـکێـکی سیڤیلی زۆر دەژین لەو ناوچانەی ژێر دەسـتی داعش ماونەتەوە.

پاشان گوتی داوای لە تیمەکەی بۆ شەڕی داعش کردووە بەردەوامبن لە خێراکردن لە شەڕەکە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەر 66 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانێتیـیەکە بەشداریکردنیان لە شەڕەکە زیاترکردووە، لەوانە وڵاتە عەرەبیـیەکان. گوتی ئێسـتا فڕۆکەی هۆڵەندا لە سوریا بۆردومانی داعش دەکات و عەرەبسـتانی سعودیـیە و ئیمارات ڕۆڵی خۆیان لە هێرشە ئاسمانیـیەکان فراوانترکردووە.

باسی لەوەش کرد فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هەتا زیاتر لە 10 هەزار هێرشی ئاسمانیان لە دژی داعش ئەنجامداوە کە زیانیان گەیاندووە بە هێزەکانی داعش و چەکە قورسەکانی و دامودەزگاکانیشی. گوتی چەکدارانی داعش هیچ شوێنێـکی پارێزراو بۆیان نەماوە و دەتوانرێت لە هەر شوێنێـک و هەر کاتێـکدا بکرێنە ئامانج.

سەرۆک ئەمەریکا گوتی لەوەتای هاوینی ڕابردووەوە داعش نەیتوانیوە تاکە سەرکەوتنێـکی گەورە چ لە عێراق یان لە سوریا بۆخۆی تۆماربکات. گوتیشی وا خەڵکی ئەو ناوچانەی لە داعش ڕزگارکراون دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان تاوەکو ئایندەیەکی گەش بۆخۆیان بنیادبنێن، لەوانە خەڵکی کۆبانی و تکریت.

باسی لە هێزەکانی عێراق کرد کە چۆن سەرکەوتووانە توانیویانە داعش لە شاری ڕومادی وەدەرنێن و گوتی داعش چەندان شار و شارۆچکەی گرنگی عێراقی لەدەسـتداوە و لە ئێسـتادا 40%ی ئەو ناوچانەی لە عێراق داگیریکردبوون لە دەستی داون. گوتیشی ئەمڕۆ هاوپەیمانان کاردەکەن بۆ ڕزگارکردنی شاری هیت لە ڕۆژئاوای عێراق لەگەڵ تەواوی هەردوو پارێزگای ئەنبار و موسڵ.

پاشان سەرۆک ئۆباما گوتی هاوکات هێزەکانی خۆجێی هاوپەیمان لە سوریا، کە مەبەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، بەردەوامن لە شکستهێنان بە داعش و توانیویانە ناوچەی ستراتیژی بەنداوی تشرین ڕزگاربکەن، وە ئێسـتا لە شەدادی شەڕی داعش دەکەن، وە هەتا دێت گەمارۆی سەر شاری ڕەققە توندتر دەکەن و جادە و ڕێگە سەرەکیـیەکانی گەیاندنی کۆمەک و پـێداویستی بۆ داعش لەو شارە دەبڕن.

سەرۆک ئۆباما گوتی شاری ڕەققە چیتر وەکو پایتەختی ئەوەی ناویان لێناوە خەلافەت نەماوە.

هاوکات سوپاسی تورکیاشی کرد بۆ توندترکردنی سنوورەکانی بە ڕووی داعش و ئەمەش وەهای کردووە کەمتر لایەنگرانی داعش بچنە ناو سوریاوە.

سەبارەت بە لێدانی کەرتی نەوتی داعش، سەرۆک ئۆباما گوتی کاریگەری زۆری هەبووە بۆ سەر باری دارایی داعش و ئەمەش وایکردووە موچەی چەکدارەکانی کەمبکاتەوە و سەر ئەنجام کاری کردووەتە سەر مۆڕاڵیان. هەروەها وایکردووە داعش باجی زیاتر بسەپێنێت بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵین. گوتیشی بۆ خەڵکێـکی زۆر ڕوون بووەتەوە ئەمە خەلافەت نیـیە بەڵکو گروپێـکی تاوانکاریـیە.

لە بارەی قەیرانی سوریاشەوە، سەرۆک ئۆباما گوتی مێژوو لێمان خۆش نابێت ئەگەر ئەم قەیرانە بە ڕێگەی دیپـلۆماسی چارەسەر نەکەین. گوتیشی ئەمەریکا هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناو ئەو وڵاتە، جگە لەوانەی لە دژی داعش و بەرەی نوسرە ئەنجام دەدرێن.

گوتیشی شەڕی ناو سوریا تەنیا شەڕێـکی ناوخۆیی نیـیە، بەڵکو شەڕێـکی پرۆکسیـیە، واتە شەڕی بە وەکالەتە کە دەستی لایەن و وڵاتانی دەرەکی تێدایە.

پاشان ئاماژەی بۆ ڕۆڵی هێزی ئاسمانی ڕووسیا کرد لە بەهێزکردنی ڕژێمی ئەسەد. ئاگاهیشی بە ڕووسیا دا و گوتی هەموو جیهان چاودێری ئاگربەستەکە دەکات.

جەختی لەوەش کرد کە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، وازهێنانی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات. گوتی پاش ئەوەی بە شێوەیەکی دڕندانە حکومڕانی وڵاتەکەی کرد و بۆمبی بەرمیلی لە دژی خەڵکی سیڤیل بەکارهێنا چیتر ناکرێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

تەواوی وتارەکەی سەرۆک ئۆباما

XS
SM
MD
LG