Accessibility links

سەرۆک ئۆباما دەڵێت هێشتا مەترسیـیەکانی ئاکامی زریانی ماثیۆ هەتا چەند ڕۆژێـکی دیکە بەردەوام دەبن


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت هەرچەندە دانیشتوانی باشوری ویلایەتی فلۆریدا لە زریانی ماثیۆ ڕزگاریان بوو، بەڵام هێشتا لە بەردەم مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاودان.

سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ هەینی لە کۆشـکی سـپی لەگەڵ کاربەدەسـتان کۆبووەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی چۆنیەتی پاراستنی هاوڵاتیان و گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی بۆ شوێنە زیان لێـکەوتووەکانی ئاکامی زریانەکە.

لە میانەی کۆبوونەوەکە سوپاسی کرێگ فوگەیتی کرد، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی بۆ سەرپەرشتی کارەکانی بەهاناچوون FEMA . گوتی دەزگاکەی بە شێوەیەکی زۆر باش کارەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. داواشی لە هاوڵاتیان کرد بەردەوام بن لەوەی بەپـێی ڕێنمایی کاربەدەسـتانی ناوچەکانیان ژیان خۆیان بپارێزن و گوتی هێشتا مەترسی ماوە و ڕەنگە هەتا سێ ڕۆژی دیکە مەترسی هەبێت.

سەرۆک ئۆباما گوتیشی زیانێـکی مادی زۆر بە هەندێـک ناوچەی باشوری فلۆریدا کەوتووە و لە ئێستادا تەنها هێزی هەواکە جێی مەترسی نیـیە، بەڵکو بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ هەینی بەهێزی زریانەکە پـلەیەک خاوبووەوە و لە پلە چوارەوە بۆ سێ هاتە خوارێ و بەرەو کەنارەکانی باکوری فلۆریدا دەڕوات.

تەنها ژنێـک لە ناوچەی سانت لوسی فلۆریدا گیانی لەدەسـتدا کە لە کاتی زریانەکە جەڵتەی دڵ لێی دابوو و تیمەکانی بەهاناچوون نەیانتوانی لە کاتی پـێویستدا فریای بکەون.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز، لە ئاکامی زریانەکە زیاتر لە 500 کەس لە وڵاتی هایتی گیانیان لەدەسـتداوە و بە هەزاران کەسیش بە ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG