مه‌لیکه ئێلزابێث له کۆشـکی به‌کنگهام پێشوازی له سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به‌راک ئۆباما کرد له یه‌که‌م دیداری ڕه‌سمی بۆ به‌ریتانیا.
سێشه‌ممه له ڕێوڕه‌سمێکی زۆر تایبه‌تیدا، پێشوازی له به‌ڕێز ئۆباما و خێزانی میشێل کرا به هاویشتنی 41 گولله تۆپ.
سه‌رۆک ئۆباما و خێزانی له پێش کۆشکی به‌کینگهام ڕاوه‌ستابوون له‌گه‌ڵ مه‌لیکه و هاوسه‌ره‌که‌ی شازاده فیلیپ و شازاده چارڵز و خێزانی که‌مێلا، له کاتێک ده‌سته‌یه‌کی تایبه‌تی سه‌ربازانی له‌شکری به‌ریتانیا ناسراو به پاسه‌وانانی سکاتس سروودی نیشتمانی ئه‌مه‌ریکایان ده‌گوت.
پێشتر، سه‌رۆک ئۆباما و خێزانی له دیدارێکی تایبه‌تیدا چاویان به شازاده ولیه‌م و خێزانی کا‌ثرین میدڵتن که‌وت.
دواتر، مه‌لیکه ئه‌لێزابێت به ڕه‌سمی میواندارێتی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا و خێزانی بۆ نانی شه‌و ده‌کات.
سه‌ردانی دوو ڕۆژه‌ی ئۆباما بۆ له‌نده‌ن به‌شێکه له گه‌شتی ئه‌و بۆ چوار وڵاتی ئه‌وروپا.
چوارشه‌ممه سه‌رۆک به ڕه‌سمی چاوی به سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا ده‌یڤد کامیرۆن ده‌که‌وێت و چاوه‌ڕێ ده‌کرێت له دیداریاندا هه‌ردوو ڕێبه‌ر باسی باری ئه‌فغانسـتان و لیبیا و هه‌روه‌ها بابه‌ته‌کانی ئاسایش و ئابوری بکه‌ن له کاتێـک خۆیان بۆ کۆبوونه‌وه‌ی لووتکه‌یی گرووپی 8 ئاماده ده‌که‌ن که له‌م هه‌فته‌یه له فه‌ڕه‌نسـا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
چاوه‌ڕێ ده‌کرێت سه‌رۆک هه‌روه‌ها له له‌نده‌ن چاوی به ڕێبه‌ری ئۆپـۆزسیۆنی به‌ریتانیا ده‌یڤد ملیباند بکه‌وێت.