Accessibility links

سەرۆک ئۆباما و ئەردۆغان لە واشنتن کۆدەبنەوە


لە پەراوێزی کۆنگرەی ئاسایشی ناوکی کە لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت، سەرۆک ئۆباما لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە.

کۆشکی سـپی گوتی هەردوو ڕێبەر شەوی پـێنجشەممە کۆبوونەوە و سەرۆک ئۆباما سەرۆکی تورکیای دڵنیا کردووەتەوە لە وابەستەیی ئەمەریکا بە ئاسایشی تورکیا. هەروەها هەردوو سەرۆک وتووێژیان کرد لە بارەی ستراتیژیـیەکەیان بۆ شەڕی داعش.

پاشان سەرۆک ئۆباما سەرەخۆشی لە ئەردۆغان کرد لەسەر هێرشەکەی دوێنێی دیاربەکر، ئەوەی ئەردۆغان گوتی بەهۆیەوە 7 پـۆلیس کوژران و بە لایەنی کەم 27 کەسیش برینداربوون.

پـێشتر هەر دوێنێ پـێنجشەممە جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە. کاربەدەسـتانی تورک مەخابنی خۆیان دەربڕی لەسەر بوونی ناکۆکی لە نێوان هەردوولا بەهۆی یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە (یەپەگە).

ئەمەریکا وەها لە یەپەگە دەڕوانێت کە هێزێـکی بە توانایە لە باکوری سوریا شەڕی داعش دەکات. بەڵام تورکیا بە بەشێـک لە پارتی کرێکارانی کوردسـتانیان دادەنێت.

هەر لە پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە، بەیانی پـێنجشەممە لە بەردەم ئنستتیوتی برۆکینگز لە واشنتن کە ناوبراو لەوێ وتارێکی پـێشکەشکرد، چەند گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە دژی سازکران، لەوانە لە لایەن کورد، سیکولارە تورکەکان، لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوڵەن، گروپی ئەمنستی.

پاسەوانەکانی ئەرۆغان ڕۆژنامەوانێـکیان لە هۆڵی کۆبوونەوەکە دەرکرد بەر لەوەی ئەردۆغان وتارەکەی پـێشکەش بکات و هەروەها شەقیان لە ڕۆژنامەوانێـکی دیکە دابوو.

ئامبەرین زەمان کە ڕۆژنامەوانێـکی ناوداری تورکە لە ئەمەریکا، لە تویتەرەکەی نووسیویەتی لە لایەن پاسەوانەکانی ئەردۆغانەوە پاڵیان پێوە ناوە و پـێـیان گوتووە "سۆزانی پەکەکە."

هاوکات لایەنگرانی ئەردۆغانیش لە بەرامبەر ناڕەزایـیەکان وەستابوونەوە.

XS
SM
MD
LG