Accessibility links

سەرۆک ئۆباما بە نیازە مانگی سێ سەردانی کوبا بکات


سەرۆک ئۆباما بەنیازە مانگی داهاتوو سەردانی وڵاتی کوبا بکات، ئەمەش یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت کە بە فەرمی سەردانی ئەو وڵاتە بکات لە پاش نزیکەی 90 سـاڵ.

ئۆباما ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و نووسیویەتی " مانگی داهاتوو سەردانی کوبا دەکەم بۆ بەهێزکردنی ئەو بەرەوپـێشچوونەی بەدەسـتمان هێناوە و لەگەڵیدا هەوڵ دەدەین بتوانین ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوبا باشتربکەین."

هەروەها نووسیویەتی" 14 مانگ لەمەوبەر، ڕامگەیاند پەیوەندیـیەکانمان لەگەڵ کوبا ئاسایی دەکەینەوە. ئێستاش بەرەوپـێشچوونی گەورمان لەم بوارەدا بەدەسـتهێناوە. ئاڵاکەمان بەسەر باڵیۆزخانەکمان لە هاڤانا جارێـکی دیکە بەرزکراوەتەوە. لە هەموو کاتێـکیش زیاتر لە پاش 50 سـاڵ ئەمەریکایـیەکان سەردانی کوبا دەکەن."

بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا لە هەمان کاتیشدا نووسیویەتی " ئێمە هێشتا ناکۆکیمان لەگەڵ حکومەتی کوبادا هەیە و ڕاستەوخۆ قسەیان لەسەر دەکەم. هەمیشە ئەمەریکا لەگەڵ مافەکانی مرۆڤەدایە لە سەرانسەری جیهان."

کۆشکی سـپی لە بارەی سەردانەکە ڕایگەیاندوو سەرۆک ئۆباما و خانمی یەکەمی ئەمەریکا میشێلی هاوسەری لە 21 ی مانگی سێ سەردانی کوبا دەکەن.

جێی ئاماژەیە دوایـین سەرۆکی ئەمەریکا کە بە فەرمی سەردانی کوبای کردبێت سەرۆک کێلڤن کوڵج بوو کە لە مانگی یەکی ساڵی 1928 لەگەڵ خانمی یەکەمی ئەو سەردەمەی ئەمەریکا پـێکەوە ڕۆیشتبوون. جێمی کارتر سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا ئەویش لە ساڵی 2002 و 2011 بە شێوەیەکی نافەرمی سەردانی کوبای کردبوو، واتە پاش چەندان سـاڵ لەوەی کۆشـکی سـپی جێهێشت.

XS
SM
MD
LG