Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: هیچ مەترسیـیەکی تێرۆرستی بۆ سەر ئەمەریکا نیـیە بەڵام دەبێت هەر وریابین


سەرۆک ئۆباما دەڵێت کاربەدەسـتانی ئەمەریکا هیچ زانیاریـیەکیان پێ نەگەیشتووە کە نیشانی بدات مەترسی ڕوودانی هێرشی تێرۆرستی هەیە لە دەمی پـشووەکانی سەری سـاڵدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە هەموو ئەمەریکایـیەکان کرد وریابن بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان.

ڕۆژی پـێنجشەممە لە ناوەندی نیشتیمانی بۆ دژە تێرۆرزم لە ویلایەتی ڤێرجینیای نزیک واشنتنی پایتەخت، سەرۆکی ئەمەریکا لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ تەواوی تیمی ئاسایشی نیشـتیمانی ئەمەریکا، ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەمەریکایـیەکان لە پاش هێرشەکانی پاریس و سان بێرناردینۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا نیگەرانن، بەڵام جەختی لەوە کرد کە مەسەلەی سەلامەتی ئەمەریکایـیەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی لە پـێشەوەی هەموو کارەکانیەتی و هەرچی پـێویست بێت دەیکات بۆ ڕێگەگرتن لەوەی تێرۆرسـتان بێنە ناو ئەمەریکاوە و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا کاردەکات بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنی تێرۆرستان لە وڵاتانی وەکو سوریاوە.

پاشان گوتی لەوەتای هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەر ئەمەریکا ڕێوشوێنی بێ پـێشینەی گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی باری ئاسایشی لە فڕۆکەخانەکان و هەروەها لیستی ناوی داناوە بۆ چاودێریکردن.

لەگەڵ ئەوەشدا داوای ئەمەریکایـیەکان کرد وریابن و دەزگا ئاسایشیـیەکان ئاگاداربکەنەوە لە هەر شتێـک جێگەی گومان بێت. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد مەترسیـیان لە گروپی تێرۆرستی بچوک هەیە لەگەڵ کەسانێـک کە خۆیان لە دەوربەرەکەیان جیاکردبێتەوە، گوتی ئەمانە قورسە بدۆزرێنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکەن بۆ باشکردنی ڕێوشوێنە ئاسایشیـیەکان، جەختی لەوەش کرد بەشێـک لە کۆچبەرانی ڕوو لە ئەمەریکا دەکەن خۆیان قوربانی دەسـتی تێرۆرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە هەتا دوو سـاڵ بخرێنە ژێر چاودێریـیەوە. باسی لەوەش کرد پـیاداچوونەوە بە ڕێساکانی پـێدانی ڤیزای هاوسەرگری دەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG