Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: کەس نیـیە هێندەی هێلەری کلنتن بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا گونجاوبێت


سەرۆک ئۆباما پـشـتیوانی تەواوی خۆی بۆ هێلەری کلنتن دەربڕی تاوەکو بـبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا لە پاش ئەوەی خۆی لە مانگی یەکی ساڵی ئایندە خولی سەرۆکایەتیـیەکەی تەواودەبێت.

براک ئۆباما شەوی چوارشەممە لە کۆنگرەی گشتی دیموکراتەکان لە شاری فلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا گوتی " ئەمە ئەو هێلەریـیەیە کە دەیناسم و پـێی سەرسامم، بۆیە بە ئەوپەڕی بڕوا و متمانەوە دەڵێم هیچ پـیاوێـک یان ژنێـک نیـیە لەو زیاتر گونجاوتربێت بۆ پـۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا."

پاشان گوتی خانم کلنتن بڕوای بەوەیە کە وڵاتەکە باشتر دەبێت کاتێـک خەڵکی لە هەموو پـێکهاتە جیاوازەکان یەک‌ڕیزبن. گوتی "بۆیە ئەمساڵ، بۆ ئەم هەڵبژاردنە داواتان لێدەکەم بێنە پاڵمەوە بۆ ڕەتکردنەوەی گاڵتەجاڕی، ڕتکردنەوەی ترس، وە ئەوە بهێنینە سەر دەسەڵات کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان باشە، با هێلەری کلنتن بە سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵبژێرین."

باسی لەوەش کرد هێلەری کلنتن لەو کەسانەیە کە ئامادەیە گوێ لە قسەی کەسانی دیکە بگرێت و خانمێـکی لەسەرخۆیە و ڕێز لە هەموو کەسێـک دەگرێت و چەندە کەسانێـک هەوڵ بدەن شکستی پـێبهێنن، ئەو هەرگیز کۆڵ نادات.

هەروەها گوتی خانم کلنتن دەتوانێت شـکست بە داعش بهێنێت بەبێ ئەوەی ڕێگەبگرێت لە هاتنی خەڵکی ئاینەکان بۆ ناو ئەمەریکادا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە سەرۆکایەتیدا قۆناغی ئامادەکاری نیـیە و دەبێت سەرۆک لە هەموو کاتێـک ئامادەبێت مامەڵە لەگەڵ قەیرانێـکی جیهانی بکات یان بڕیاری شەڕ بدات. گوتی هێلەری کلنتن هەمیشە لەو دۆخانە بووە و بەشداری لە چەندان بڕیاری قورس کردووە.

XS
SM
MD
LG