Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما بڕیاری سزا بۆ سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران په‌سه‌ند ده‌کات


سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما هه‌نگاو به‌ره‌و پێش ده‌نێت بۆ دیاری کردنی سزا دژ به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران. دوای ئه‌وه‌ی که‌ ڕایگه‌یاند به‌ ڕاده‌ی پێویست نه‌وتی خاو له‌ بازاڕی جیهاندا هه‌یه‌ که‌ هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریکا زیانیان پێ ناکه‌وێت ئه‌گه‌ر نه‌وت له‌ ئێران نه‌کڕن.

ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆک ئۆباما له‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕێگا خۆش ده‌کات که‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆتایی مانگی شه‌شه‌وه‌ سزا بخاته‌ سه‌ر ئه‌و بانکه‌ بیانیانه‌ی که‌ کاری گواستنه‌وه‌ی پاره‌ی په‌یوه‌ست به‌ کڕینی نه‌وت له‌گه‌ڵ بانکی ناوه‌ندی ئێراندا بکه‌ن.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ئابلوقه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ کڕینی نه‌وتی ئێران، هه‌نگاوه‌کانیش به‌مه‌به‌ستی فشار خستنه‌ سه‌ر تارانه‌ تا ده‌ستبه‌رداری به‌رنامه‌ی گومانباره‌ ناوکییه‌که‌ی بێت. تاران سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌که‌ی به‌ مه‌به‌ستی ئاشتییه‌.

به‌ پێی یاسای ئه‌مه‌ریکا ده‌بوایه‌ به‌ڕێز ئۆباما تا ڕۆژی هه‌ینی بێڕیاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدایه‌ که‌ ئایه‌ نه‌وتی جیهان له‌ ئاستی پێویست دایه‌ که‌ ڕێژه‌ی کڕینی نه‌وت له‌ ئێران که‌م بکرێته‌وه‌. شایانی باسه‌ ئێران سێیه‌م گه‌وره‌ترین به‌رهه‌م هێنه‌ری نه‌وته‌ له‌ جیهاندا، که‌ ڕۆژانه‌ی 2 ملیۆن و 5 سه‌د هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وت ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی بیانی ده‌کات. کڕیاره‌ گه‌وره‌کانی نه‌وتی ئێرانیش بریتین له‌م وڵاتانه‌ ، چین، کۆریای باشور، هندستان، فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا، ئیسپانیا، یۆنان و ئیتالیا.

XS
SM
MD
LG