Accessibility links

نەرویج فڕۆکەی F-16 دەدات بە ئۆکرانیا


سەرۆک وەزیری نەرویج لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 دەدات بە ئۆکرانیا، بەمەش نەرویج بەشداری لە هەوڵێکدا کرد بۆ ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بۆ ئۆکرانیا کە هۆڵەندا و دانیمارک ڕابەرایەتی دەکەن.

سەرۆک وەزیری نەرویج یۆناس گار ستۆیر وتی " پلانمان هەیە فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ببەخشین بە ئۆکرانیا، لە کاتی خۆیدا وردەکاری زیاتریش سەبارەت بە بەخشینەکە و چوارچێوەی کاتەکەی بۆ گەیاندنییان ڕادەگەیەنین."

ستۆیر لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبووەوە و بەخشینی موشەکی دژە فڕۆکە و کەلوپەلی دیکەی بە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

وەزیری بەرگری نەرویج بیۆرن ئارلید گرام وتی " بەخشینی ئەم چەند فڕۆکە F-16 یە بە شێوەیەکی بەرچاو توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا پتەوتر دەکەن."

زۆرێک لە وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ فڕۆکەی F-16 یان هەیە، کە سەرەتا لە ساڵەکانی حەفتاکاندا دروست کراوە، ئەوەش دۆزینەوەی پارچەکانی ئەو فڕۆکەیە بەبەراورد لەگەڵ ئەو فڕۆکە ڕووسیاییانەی کە ئۆکرانیا لە ئێستادا بەکارییان دەهێنێت ئاسانتر دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG