Accessibility links

کۆریای باکوور سیستەمی چەکی ئەتۆمی ژێر ئاو تاقیدەکاتەوە


دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور دەڵێت کۆریای باکوور سیستمەکانی چەکی ئەتۆمی ژێرئاوی تاقیکردووەتەوە، ئەوەش لە ناڕەزایی دەربڕینێکدا دژی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکەی ئەم هەفتەیەی کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن.

دەزگاکە لە ڕاپۆرتێکدا وتی تاقیکردنەوەی دڕۆنە هێرشبەرە ئەتۆمییەکەی کە بە " سیستمی هایلی - 5-23 " ناسراوە، لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە لە ئاوەکانی دەرەوەی کەناری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ئەنجام دراوە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە کەی ئەو تاقیکردنەوەیە ئەنجام دراوە.

وتەبێژە نەناسراوەکەی وەزارەتی بەرگری کۆریای باکوور، ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشووری تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " زیادبوونی مەشقە سەربازییەکان " و هۆشداریدا لەسەر "دەرەنجامی کارەساتاوی."

هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن مەشقێکی سەربازیی هاوبەشی ئاسایی سێ ڕۆژەییان ئەنجامدا و تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بوو. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ باشکردنی وەڵامدانەوەیان بۆ پەرەسەندنی مەترسییە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور.

وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری کۆریای باکوور وتی " تواناکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمە ئەتۆمییەکانی ژێر ئاوی سوپاکەمان پەرەی زیاترییان پێدراوە و و بەردەوام دەبین لە ڕێگریکردن لە مانۆڕە سەربازییە دوژمنکارییەکانی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی."

کەناڵی تەلەفیزیۆنی کۆریای باکوور ڕووماڵی تاقیکردنەوەی تەقینەوەکانی کرد، کە لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکا و کۆریای باشوورەوە چاودێری دەکرا، بەڵام چەکە ژێرئاوەکە نەتوانراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە.

دواتر ڕۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور هۆشدارییەکی دژی تاقیکردنەوەکانی چەکی ئەمدواییانەی کۆریای باکوور بڵاوکردەوە و داوای کرد دەستبەجێ ئەو تاقیکردنەوانە ڕابگیرێن.

وەزارەتەکە وتی " سوپاکەمان بە چڕی ئامادەیە بۆ کارە وروژێنەرەکانی کۆریای باکوور، ئەوەش لە ژێر بەرگرییەکی هاوبەشی بەهێز لەگەڵ ئەمەریکادا." بەڵێنیشیدا وەڵامێکی " گەورەی " هەبێت ئەگەر کۆریای باکوور ڕاستەوخۆ کارێکی وروژێنەرانە ئەنجام بدات.

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن یۆکۆ کامیکاوا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە تاقیکردنەوە نوێیەکەی کۆریای باکوور، ڕەتی کردەوە لێدوانە لەسەر " هەریەکە لەو چالاکییانە بدات " بەڵام بەڵێنیدا بەردەوام بن لە هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی بەرنامەی چەکەکانی کۆریای باکوور.

دڕۆنی ژێرئاوی هایلی، واتە تسونامی، سیستمێکی دڕۆنی نوێیە و سەرەتا لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا ئاشکرا کرا، دەزگای ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور وتی ئامانج لەو سیستمە ئەنجامدانی هێرشی لە ناکاوە لە ئاوەکانی دوژمندا و لە ناوبردنی گروپە هێرشبەرەکانی دوژمن و بەندەرە گەورەکانە، ئەوەش لە ڕێی دروستکردنی شەپۆلێکی گەورەی تیشکدەرەوە لە ڕێی تەقینەوەیەکەوە لە ژێر ئاودا.

هەواڵی تاقیکردنەوەی دڕۆنەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کۆریای باکوور موشەکێکی نوێی مەودا ناوەندی دەنگبڕی هەڵدا، کە واشنتن و سیئۆل و تۆکیۆ وتییان پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە.

سێ هاوپەیمانەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە و سەرکۆنەی بازرگانی چەکی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور کرد، لە کاتێکدا کە وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆبووەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG