Accessibility links

کۆریای باکور دەسـتگیرکردنی پـرۆفیسۆرێکی ئەمەریکایی لە وڵاتەکەی پشـتڕاست دەکاتەوە

  • VOA News

کۆریای باکور پشـتڕاستی کردەوە پـرۆفیسۆرێکی ئەمەریکایی دەسـتگیرکردووە بە تۆمەتی گوایە هەوڵی ڕوخاندنی ڕژێمی وڵاتەکەیانی دابوو.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی کۆریای باکور KCNA ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی کیم سانگ دوک کە بە تۆنی کیم ناسراوە لە 22 ی مانگی چوار لە فڕۆکەخانە دەسـتگیرکراوە بە تۆمەتی"ئەنجامدانی تاوانی دوژمنکارانە بە ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری کۆریای دیموکراتی میللی."

زانکۆی پـیۆنگیانگ بۆ زانست و تەکنۆلۆجی دەڵێت تۆنی کیم چەند هەفتەیەک لە زانکۆکەیان وانەی وتووەتەوە، وە لەو کاتەی ویستویەتی وڵاتەکە جێبهێڵێت دەسـتگیرکراوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی کۆریای باشور دەڵێت تۆنی کیمی 55 ساڵ پـیاوێـکی دیندارە و بەشداری کردووە لە چالاکیـیەکانی یارمەتیدانی منداڵان لە ناوچە گوندیـیەکانی کۆریای باکور.

دەسـتگیرکردنی ئەم پـرۆفیسۆرە ئەمەریکایی‌یە لە کاتێـکدایە کە گرژیـیەکانی نێوان واشنتن و پـیۆنگیانگ ڕوویان لە زیادبوون کردووە پاش ئەوەی کۆریای باکور چەند تاقیکردنەوەیەکی موشەکی ئەنجام دا و هەروەها ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی شەشەمین تاقیکردنەوەی ناوکی خۆی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاپـێشتر هەواڵی دەسـتگیرکردنەکەی پشـتڕاستکرد و گوتی پاراستنی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی یەکێـکە لە ئەرکە سەرەکیـیەکانی، بەڵام ئەمەریکا پەیوەندی دیپـلۆماسی لەگەڵ کۆریای باکوردا نیـیە و لە ئێستادا لەگەڵ باڵیۆزخانەی سوید لە پـیۆنگیانگ لە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەم پـرۆفیسۆرە و دوو ئەمەریکایی دیکە کە لەو وڵاتە دەسـتگیرکراون و حوکمی زیندانی دراون.

XS
SM
MD
LG