Accessibility links

کۆریای باکوور داوا لە ئەمەریکا و کۆریای باشوور دەکات مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانیان ڕابگرن


کۆریای باکوور داوای لە ئەمەریکا و کۆریای باشوور کردووە مەشقە سەربازییە بەرفراوانەکانیان ڕابگرن، دەڵێت ئەو مەشقانە " ڕەنگە ببنە هۆی ئەوەی پیۆنگیانگ " ڕێوشوێنی پێچەوانەی بەهێزتر "بگرێتەبەر.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە " ڕەوشی نیمچە دوورگەی کۆریا و دەوروبەری گەیشتۆتە قۆناغێکی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدارەوە، ئەوەش بەهۆی جووڵە سەربازییە سەرکێش و بەردەوامەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوورەوە."

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا و کۆریای باشوور یەکێک لە گەورەترین مەشقە سەربازییە ئاسمانیە هاوبەشەکەیان دەستپێکرد، سەدان فڕۆکەی جەنگی لە هەردوو وڵاتەکەوە تاوەکو هەفتەیەک ڕۆژانە 24 کاتژمێر مەشق دەکەن.

هێزی ئاسمانی ئەمەریکا وتی ئۆپەراسیۆنەکە بە زریانی بێدار ناسراوە و تاوەکو ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، هەروەها نزیکەی 240 فڕۆکەی جەنگی بەشداری تیادا دەکەن و نزیکەی 1600 گەشت ئەنجام دەدەن.

ئەمەریکا و کۆریای باشوور پێیان وایە کۆریای باکوور ڕەنگە ئامادەکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی بۆمبە ئەتۆمییەکانی، کە دوایین جار لە ساڵی 2017 دا ئەو جۆرە بۆمبەی تاقیکردەوە. دوو وڵاتەکە سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی کۆریای باکوور پەیڕەو دەکەن، ئەوەش لە ڕێی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی گەورەوە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووتریش دەڵێن ڕەنگە مەشقەکان گرژییەکان زیاتر بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور گوتی " کۆریای باکوور ئامادەیە سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە سەروەری خاک و ئاسایشی گەلەکەی دژی هەڕەشە سەربازییە دەرەکییەکان."

گوتیشی " ئەگەر ئەمەریکا بەردەوام بێت لە سووربوونی لە کارە سەربازییە مەترسیدارە وروژێنەرەکانی، ئەوا کۆریای باکوور گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی بەهێزی پێچەوانە لەبەرچاو دەگرێت."

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس دووبارە جەختی لە داواکان کردەوە بۆ گەڕانەوەی کۆریای باکوور بۆ سەر گفتوگۆکان، هاوکات ئاماژەشی بەوەدا سیاسەتی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ تەواوکردنی داماڵینی چەک لە نیمچە دوورگەی کۆریا نەگۆڕاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG