کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا مافی ئەوەی نیە قسە لەسەر کاروباری تایبەتی دوو کۆریاکە بکات، وتیشی ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بە باشی بەڕێوەبچێت ئەوا پێویستە هێمنی بپارێزێت.
ئەم ڕاگەیاندراوەی کۆریای باکوور دوای ئەوە هات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نائومێدی خۆی دەربڕی لە بڕیارەکەی کۆریای باکوور بۆ ڕاگرتنی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندیی لەگەڵ کۆریای باشووردا.
بەڕێوبەری کاروباری ئەمەریکا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور کوون جۆنگ لە لێدوانێکدا وتی " ئەگەر ئەمەریکا دەستوەربداتە کاروباری ئەوانی دیکەوە و خەریکی کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی نەبوو کە لە ئێستادا بە خراپترین ڕەوشدا تێدەپەڕێت، ئەوا ڕووبەڕووی شتێک دەبێتەوە مامەڵەکردن لەگەڵیدا قورس دەبێت."
وتیشی " ئەوە باش دەبێت نەک تەنها بۆ بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا بەڵکو بۆ ئەوەش کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بەباشی بەڕێوەبچێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز