Accessibility links

کۆریای باکوور موشەکی زیاتر هەڵدەدات و سەرکۆنەی مەشقەکانی سیئۆل و واشنتن دەکات


کۆریای باشوور وتی کۆریای باکوور موشەکی دیکەی هەڵداوە، ئەمەش چوارەمین جارە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، لەکاتێکدا پیۆنگیانگ هۆشیاریدا لەوەی کردەوە دوژمنکارییەکان دژی کۆریای باکوور گەیشتۆتە ئاستی مەترسیدار.

کۆریای باکوور ڕەخنە لە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکا دەگرێت کە چەکی پێشکەوتووی تێدا بەکاردەهێنرێت، لە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە 30 مانگی شەشدا ڕێکەوتن لەسەر زیندووکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی، کۆریای باکوور کۆمەڵێک موشەکی هەڵداوە.

کۆریای باکوور دەڵێت پابەندە بە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە و چاوەڕێی کۆتایی ساڵ دەکات تاوەکو ئەمەریکا سزاکان و فشارە سیاسییەکانی سەر پیۆنگیانگ کەم بکاتەوە کە بەهۆی بەرنامە ناوەکیی و موشەکیەکەیەکەوە سەپاندوویەتی بەسەریدا.

بەڵام وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەگەر واشنتن و سیئۆل ئاگادارکردنەوەکانی کۆریای باکوور پشت گوێ بخەن ئەوا " ناچاریان دەکەین باجێکی گەورە بدەن."

سوپای کۆریای باشوور وتی لە باشووری ڕۆژئاوای پیۆنگیانگەوە دوو موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت هەڵدراون. ئەمە چوارەمین جارە لە 25 ی مانگی حەوتەوە کۆریای باکوور موشەک تاقی دەکاتەوە.

وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی هەڵدانی موشەک ڕۆحی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا کپ دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG