Accessibility links

کۆریای باکوور دوو موشەکی دیکە تاقی دەکاتەوە


سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە کۆریای باکوور دوو موشەکی کروزی هەڵداوە، ئەمەش پێنجەمین تاقیکردنەوەی موشەکی پیۆنگیانگە لەم ساڵدا.

دەزگای هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەدا موشەکەکان لەناو وڵاتەکەوە هەڵدراون و لە دەریای بەردەم کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆریادا کەوتوونەتە خوارەوە.

سوپای کۆریای باشوور لە نامەیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا تاقیکردنەوە موشەکییەکەی کۆریای باکووری پشتڕاستکردەوە و وتی بەرپرسانی وڵاتەکە هێشتا شیکارییەکی ورد بۆ تاقیکردنەوە موشەکییەکە دەکەن.

تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا کۆریای باکوور لە پێنج تاقیکردنەوەدا هەشت موشەکی تاقیکردۆتەوە. هەفتەی ڕابردوو پیۆنگیانگ هەڕەشەی ئەوەیکرد دووبارە دەستدەکاتەوە بە تاقیکردنەوە ناوەکی و موشەکە کیشوەربڕەکانی.

بەپێی زنجیرەیەک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆریای باکوور قەدەغەکراوە لەسەری هیچ چالاکییەکی موشەکی باڵیستیکی ئەنجام بدات. بەڵام بڕیارەکان تاقیکردنەوەی موشەکی کروز ناگرنەوە.

لەمدواییانەدا کۆریای باکوور ناڕەزایی دەربڕیوە سەبارەت بەوەی وەکو خۆی دەڵێت " سیاسەتە دوژمنکارییەکەی " ئەمەریکا بەرامبەر وڵاتەکە. بەدیاریکراویش دژایەتی هاریکارییە سەربازییەکانی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکا دەکات.

ئەمەریکا نزیکەی 28,000 سەربازی لە کۆریای باشوور هەیە، ئەوەش پاشماوەی جەنگەکەی ساڵی 1950 ی کۆریایە کە لەڕێی ئاگربەستەوە ڕاگیرا و تاوەکو ئێستا پەیماننامەیەکی ئاشتی واژۆ نەکراوە.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە ئاشکرا ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا و بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختیش.

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی " هیچ ئارەزوویەکیان بۆ ڕۆیشتن بەرەو پێشەوە دەرنەخستووە."

کیربی جەختی لە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا کردەوە سەبارەت بە " هەوڵە ناوەکییەکانی کۆریای باکوور و توانا موشەکییە باڵیستیکیەکانی."

وتی " بەردەوامین لە سەرکۆنەکردنی و داوا لە کۆریای باکوور دەکەین ئەم چالاکییە وروژێنەرانە ڕابگرێت و ملکەچی یاسا نێودەوڵەتیەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت و هەوڵ بدات ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG