سوپای کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور کۆمەڵێک موشەکی کروزی بە ئاڕاستەی دەریای زەرد (یەلۆ) هەڵداوە.
ئەرکانی گشتی سوپای کۆریای باشوور وتی وردەکاری هەڵدانی موشەکەکان لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگری کۆریای باشوور و ئەمەریکاوە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت.
هەڵدانی موشەکەکان نوێترین تاقیکردنەوەی موشەکییە و مەشقە سەربازییەکانی کۆریای باکوورن لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، لە مانگی ڕابردووشدا پیۆنگیانگ مانگێکی دەستکردی سیخوڕی هەڵدا بەڵام شکستی هێنا، ئەوەش ڕەخنەی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی لێکەوتەوە.
وتەبێژی پارتی دەسەڵاتی گەلی فەرمانڕەوا وتی " ئەوە کارێکی دوژمنکارییە و مەترسی لەسەر ئاشتی نیمچە دوورگەی کۆریا دروست دەکات."
لە بەیاننامەیەکدا کە دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ژاپۆنی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی زیادکردنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە ڕێی پەرەدان بە موشەکی مەودا دوورەوە، بەڵام ئاماژەی بە هەڵدانی موشەکەکان نەدا.
ڕۆژنامەی یۆمیوری ژاپۆن مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە پێشبینی دەکرێت ژاپۆن و ئەمەریکا و کۆریای باشوور بەمزووانە ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی بە هاوبەشی پەرە بە موشەکێکی بەرپەرچدانەوە بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی موشەکە دەنگبڕەکانی چین و ڕووسیا و کۆریای باکوور.
ڕۆژی هەینی کۆریای باشوور سەپاندنی سزای بەسەر پێنج کەسی کۆریای باکوور و کۆمپانیایەکدا ڕاگەیاند، ئەوەش لە وەڵامێکدا بۆ هەڵدانی موشەکە واڵاییەکەی مانگی ڕابردووی کۆریای باکوور.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز