Accessibility links

کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی هەڵدەدات


کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی هەڵدا کە پێدەچێت لە ژێرئاوگەڕێکەوە هەڵیدابێت، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی دەستپێکردنەوەی وتوێژەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا ڕاگەیاند بەمەبەستی کۆتای هێنان بە بەرنامە ناوەکییەکەی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە کۆریای باکوور کرد " دەست لەم کارە ئیستیفزازیانە هەڵبگرن و پابەند بن بە وتوێژە ناوەکییەکانەوە."

سوپای کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەدا هەڵدانی موشەکێکیان بینیوە کە دووری 450 کیلۆمەتری بڕیوە و گەیشتۆتە بەرزیی 910 کیلۆمەتر. واپێدەچێت ئەو موشەکە لە جۆری بۆکۆکسۆنگ بێت کە وەکو موشەکە باڵیستیکییەکان وایە و پێشتر پیۆنگیانگ لە ژێرئاوگەڕەکانەوە هەڵیداون و ئەم موشەکە هێشتا لەژێر پەرەپێداندایە.

وەزیری بەرگری کۆریای باشوور بە لیژنەی پەرلەمانی وت موشەکی بۆکۆکسۆنگ نزیکەی 1300 کیلۆمەتر دەڕوات و پێدەچێت ئاڕاستەی موشەکەکە دەستکاری کرابێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو دوورییەی کە موشەکەکە دەیبڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG