دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی موشەکی کردووە بۆ یارمەتیدان لە پاراستنی " هێزە باڵادەستەکەی سوپای " کۆریای باکوور و ئامادەبوونیدا بۆ جەنگ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆریای باشوور و ئەمەریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی مەشقە سەربازییە ساڵانەییەکەی نێوانییان.
کیم لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کارگەکانی دروستکردنی تەقەمەنی و موشەکی تەکتیکی و سەکۆکانی هەڵدانی موشەک و ئوتومبێلی سەربازیی و تۆپی تۆپهاوێژ ئەو فەرمانەی داوە.
لەمدواییانەدا کیم چەند جارێک سەردانی کارگەکانی دروستکردنی چەکی کردووە و فەرمانی کردووە چەکی زیاتر بەرهەم بهێندرێت، هەروەها چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی مەشقە سەربازییە هاوبەشە ساڵانەییەکەی ئەمەریکا و کۆریای باشوور دێت، پیۆنگیانگ پێی وایە ئەو مەشقانە ئامادەکارین بۆ جەنگ.
دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی کیم ئاماژەی بە " ئامانجە سەرەکییەکە داوە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی موشەک " بە شێوەیەکی بەرچاو، ئەوەش لە پێناو ئەوەی لە ئاست پێویستییەکانی یەکە سەربازییە فراوان و پتەوەکاندا بن.
دەزگاکە لە زاری کیمەوە بڵاویکردەوە " کواڵێتی ئاستی ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ پەیوەستە بە گەشەی پیشەسازی تەقەمەنییەوە، کارگەکانیش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە بۆ خێراکردنی ئامادەکارییەکانی سوپاکەمان بۆ جەنگ."
کیم وتی " پێویستییەکی زۆر بەپەلە هەیە " بۆ زیادکردنی بەرچاوی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە موشەکانە تاوەکو یەکەکانی تۆپهاوێژی هێڵەکانی پێشەوە پتەوبکرێن.
وتیشی " سوپاکەمان دەبێت باڵادەستی هێزە سەربازییەکەمان و ئامادەییمان بپارێزێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر جەنگێکدا لە هەر کاتێکدا بێت، لەبەر ئەوەی دوژمن نەتوانێت هێز بەکاربهێنێت، لەناویش دەبرێن ئەگەر بەکاری بهێنن."
ڕۆژی دووشەممە کۆریای باشوور و ئەمەریکا ئەمەریکا ڕایانگەیاند مەشقە هاوینەکانییان لە 21 ی مانگی هەشتدا دەستپێدەکەن بۆ باشکردنی تواناکانییان بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکوور، مەشقەکانیش تاوەکو 31 ی مانگی هەشت بەردەوام دەبن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز