پۆلیسی کۆریای باشوور دەڵێت هاککەرە گومانلێکراوەکانی کۆریای باکوور مەشقێکی سەربازیی هاوبەشی نێوان کۆریای باشوور و ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج کە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام هیچ زانیارییەکی نهێنی نەدزراوە.
ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەشقێکی سەربازیی هاوبەش ئەنجام دەدەن کە 11 ڕۆژ دەخایەنێت، مەبەست لە مەشقەکەش باشکردنی تواناکانییانە بۆ وەڵامدانەوەی مەترسییەکانی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.
کۆریای باکوور دژایەتی ئەو جۆرە مەشقان دەکات و دەڵێت ئامادەکاری ئەمەریکا و کۆریای باشوورن بۆ ئەنجامدانی داگیرکاری لە کۆریای باکووردا.
دەزگای پۆلیسی ناوچەی گیۆنگی نامبو لە بەیاننامەیەکدا وتی باوەڕوایە هاککەرەکان سەر بە گروپێکی کۆریای باکوور بن کە توێژەرەوان بە کیمسوکی ناوی دەبەن، هاکەکەیان لە ڕێی ناردنی ئیمەیڵەوە ئەنجام داوە بۆ ئەو بەڵێندەرانەی کە لە ناوەندی مەشقە هاوبەشەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکادا کاردەکەن.
پۆلیس وتی " ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە زانیاریی سەربازیی نەدزراوە."
پێشتر کۆریای باکوور ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکاندا.
بەپێی توێژەرەوان، هاککەرانی کیمسوکی لە مێژە ئیمەیڵی فیشینگ بەکاردەهێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئامانجەکانییان تاوەکو پاسۆردەکانییان ئاشکرا بکەن یاخود کلیک لەسەر ئەو لینک و فایلانە بکەن کە ماڵوێرییان تێدایە.
پۆلیس وتی پۆلیسی کۆریای باشوور و سوپای ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشییان ئەنجامداوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو ئای پی ئەدرێسەی کە لە هەوڵی هاککردنەکەدا بەکارهاتووە هاوشێوەی ئای پییەکە کە لە هاکێکی ساڵی 2014 دا دژی کارپێکەرێکی ڕیاکتەری ئەتۆمی کۆریای باشوور بەکارهاتووە.
لەو کاتەدا کۆریای باشوور بەرپرسیارێتی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی خستە ئەستۆی کۆریای باکوور.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز