Accessibility links

شارەزایان: کۆریای باکوور پەرە بە موشەکێکی بالیستیکی دەدات کە دەتوانێت لە هەر شوێنێکی ئەمەریکا بدات


شارەزایانی سەربازیی ڕایانگەیاند کۆریای باکوور وێنەی دیزاینێکی نوێی موشەکێکی بالیستیکی بڵاوکردۆتەوە و لە نامەیەکدا دەڵێت کار لەسەر دروستکردنی موشەکێکی بالیستیکی کیشوەریی دەکات کە زۆر بەهێزترە لەو موشەکانەی کە پێشتر تاقیکردونەتەوە.

شارەزایان وتیشیان ئەم جۆرە موشەکە ئەگەر پەرەی پێبدرێت ئەوا دەتوانێت بگاتە هەر شوێنێکی خاکی ئەمەریکا بە واشنتن و نیویۆرکیشەوە.

دەزگاکانی هەواڵی حکومەتی کۆریای باکوور وێنەیەکی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونیان بڵاوکردەوە کە لەتەنیشت دیزاینی موشەکەکەدا وەستاوە کە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە و ناویان لێناوە هواسۆنگ-13.

شارەزایان بە وریاییەوە سەیری وێنەکەیان کردووە و گەڕاون بەشوێن هەر زانیارییەکدا سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکەی کۆریای باکوور و هیچ ئاماژەیەکیان نەبینیوە لەسەر ئەوەی موشەکەکە بەتەواوەتی پەرەی پێدرابێت بەڵام وتیان تاقینەکراوەتەوە و مەحاڵە بزانرێت مەوداکەی چەندەیە.

وتیان ئەو موشەکانەی کە لە سێ قۆناغ پێکهاتوون زۆر بەهێزترن لەو موشەکانەی کە لە دوو قۆناغ پێکهاتوون وەکو موشەکی هاوسۆنگ-13 کە لە مانگی حەوتدا دوو جار تاقییان کردەوە. کۆریای باکوور و ئەمەریکا و شارەزایان دەڵێن موشەکی هاوسۆنگ-13 لەوانەیە مەوداکەی بگاتە نزیکەی دە هەزار کیلۆمەتر و دەتوانێت لە چەند بەشێکی ئەمەریکا بدات.

شارەزای سەربازیی زانکۆی گیۆنگنام لە سیئۆل وتی " دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە مەودای هاوسۆنگ-13 دەگاتە 12 هەزار کیلۆمەتر و دەتوانێت بگاتە هەر شوێنێکی ئەمەریکا."

وە هەر مەودایەک زیاتر لە 11 هەزار کیلۆمەتر ئەوا هەڕەشەیە بۆ سەر واشنتن و نیویۆرک.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG