Accessibility links

کۆریای باکوور دەڵێت پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باشووردا دەبڕێت


کیم یو جۆنگ
کیم یو جۆنگ

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە ڕاپۆرتێکدا وتی کۆریای باکوور هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی لەگەڵ کۆریای باشووردا دەبڕێت، ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا بەرەو بڕینی هەموو هۆکارەکانی پەیوەندیی لەگەڵ باشووردا.

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا پیۆنگیانگ هەڕەشەی داخستنی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و داخستنی پڕۆژە ئابوورییەکانی دیکەی نێوان دوو کۆریاکە کرد، ئەمەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر کۆریای باشوور ڕێگە لە چالاکەوانان نەگرێت لە ناردنی نامیلکە و شتی دیکە بۆ کۆریای باکوور. ئەم نامیلکانە لەڕێی باڵۆنەوە ڕەوانەی کۆریای باکوور دەکرێن و تیایاندا ڕەخنەی توند لە ڕابەری کۆریای باکوور دەگرن لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سیاسەتەکانی دیکەی.

دەزگاکە وتی بەرپرسانی باڵای کۆریای باکوور لەوانەش کیم یو جونگی خوشکی ڕابەری کۆریای باکوور و سەرۆکی لیژنەی ناوەندی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور کیم یۆنگ چول پێیان وایە " کارکردن بەرامبەر باشوور دەبێت بەتەواوەتی بگۆڕدرێت بۆ کارکردن بەرامبەر دوژمن."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کۆریای باکوور هێڵەکانی پەیوەندیی لە ئۆفیسی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەبڕێت و هێڵە گەرمەکانی پەیوەندیی لەنێوان سوپاکانی دوو وڵاتەکە و ئۆفیسەکانی سەرۆکایەتی دەبڕێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەرپرسانی کۆریای باکوور بەیانی ڕۆژی سێشەممە وەڵامی پەیوەندیی ڕۆژانەییە ڕۆتینییەکانیان نەداوەتەوە، نە لە ئۆفیسی پەیوەندییەکان و نە لە هێڵە گەرمە سەربازییەکانیشەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG