Accessibility links

ڕابەرانی چین و کۆریای باکوور بەڵێنی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدەن


لە ساڵیادی پەیماننامەی بەرگری نێوان دوو وڵاتەکەدا، ڕابەرانی کۆریای باکوور و چین لە پەیامەکانیاندا بۆ یەکتر ئارەزووی خۆیان دەربڕی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور وتی لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی چین شی جینپینگ، ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وتی " ئەوە هەڵوێستێکی جێگیری " حکومەتەکەیەتی کە " پەرە بە هاریکاری و پەیوەندییە هاوڕێیانەکەی نێوان دوو وڵاتەکە بدات."

بەگوێرەی دەزگای هەواڵی شینخوا سەرۆکی چین شی جینپینگ لە پەیامەکەیدا دەڵێت چین و کۆریای باکوور " هەمیشە پشتیوانی یەکتریان کردووە."

شی وتی " لەمدواییانەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری بێپێشینە لە جیهاندا بیندراوە، هیوادارم پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەرەو ئاستێکی بەرزتر گەشە بکەن، بەشێوەیەک لە سوودی هەردوو وڵاتەکە و خەڵکەکەدا بێت."

بەگوێرەی هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان پێشبینی دەکرێت کۆریای باکوور داوای پشتیوانیەکی زیاتر لە چینی هاوپەیمانی بکات، قەیرانی ئابووری وڵاتەکە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و سزاکانی ئەمەریکاوە خراپتر بووە. لەلای خۆیەوە چین پێی وایە لەناونەچوونی کۆریای باکوور گرنگە بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی و دەیەوێت لەنێوەندی ڕکابەرایەتیەکاندا لەگەڵ ئەمەریکا پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریای باکوور و هاوپەیمانەکانی دیکەی ناوچەکەدا پتەوبکات.

لە ساڵی 1961 دا چین و کۆریای باکوور پەیماننامەی هاوڕێیەتی و هاریکاری و یارمەتیدانی هاوبەشیان واژۆکرد، بەپێی یاساکە لە حاڵەتی ڕوودانی هەر هێرشێکدا، هەردوو وڵات دەبێت پابەند بن بە پێشکەشکردنی یارمەتی سەربازی و یارمەتیەکانی دیکە بە یەکتری.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG