Accessibility links

لەدوای داخستنی سنوورەکانیەوە، شەمەندەفەرێکی کۆریای باکوور بۆ یەکەمین جار دەپەڕێتەوە بۆ چین


دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێن شەمەندەفەرێکی بارهەڵگری کۆریای باکوور گەیشتۆتە شارۆچکەیەکی چین لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە، ئەمەش یەکەمین جارە لە دوای داخستنی سنوورەکانەوە لەلایەن کۆریای باکوورەوە شەمەندەفەرێکی ئەو وڵاتە بچێتە چینەوە.

لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرەتای ساڵی 2020 دا، کۆریای باکوور تاوەکو ئێستا بە فەڕمی هیچ حاڵەتێکی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕانەگەیاندووە و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توندیشی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتۆتەبەر، لەوانەش داخستنی سنوورەکان و کۆتوبەند خستنەسەر گەشتەکانی ناوخۆی وڵاتەکە.

دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور لە زاری کۆمەڵێک سەرچاوەوە بڵاویکردەوە شەمەندەفەرێکی بارهەڵگری کۆریای باکوور لە پردی هێڵی ئاسنینی ڕووباری یالو پەڕیوەتەوە و گەیشتۆتە شارۆچکەی داندۆنگی چین.

یۆنهاب وتی ئەمە یەکەمین جارە کۆریای باکوور بە فەڕمی سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ چیندا بکاتەوە.

سەرچاوەیەک بە دەزگای هەواڵی یۆنهابی وت ڕوون نیە کە ئایا شەمەندەفەرەکە هیچ بارێکی پێبووە یاخود نا، بەڵام پێدەچێت ڕۆژی دووشەممە بگەڕێتەوە بۆ کۆریای باکوور و " بارێکی کەلوپەلی پێویستی بەپەلە " بهێنێتەوە.

دەزگای هەواڵی کیۆدۆی ژاپۆن لە زاری سەرچاوەیەکەوە بە هەمان شێوە ئاماژەی بە گەیشتنی شەمەندەفەرەکە کرد.

بەرپرسانی کۆریای باشوور وتیان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەنزیکەوە چاودێری دووبارە کردنەوەی سنووری وشکانی نێوان کۆریای باکوور و چینیان کردووە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە داخستنی سنوورەکان، هەندێک لە یارمەتیە مرۆییەکان لە ئێستادا دەگەنە کۆریای باکوور، بەڵام بارەکانی پێویستیە سەرەکیەکانی وەکو خۆراک هێشتا ڕێگەیان پێنادرێت بچنە وڵاتەکەوە.

هەندێک لە بارەکانی خۆراک و دەرمان دوای سێ مانگ لە کوارەنتین کردنیان لە بەندەری نامپۆ، لە کۆتاییدا توانیویانە بچنە وڵاتەکەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک نەبووە لەسەر ئەوەی بارە گەورەکان لەڕێی شەمەندەفەرەوە بگوازرێنەوە بۆ ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG