Accessibility links

کۆریای باشوور: کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی هەڵداوە


سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی هەڵداوەتە دەریاوە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزیری دەرەوەی چین سەردانی سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور دەکات، هەروەها ئەمە دووەمین جارە لەم هەفتەیەدا کۆریای باکوور موشەک تاقی بکاتەوە.

شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ چین کە هاوپەیمانی سەرەکی کۆریای باکوورە و هاوبەشی سەرەکیەتی لە بازرگانی و یارمەتیەکاندا.

لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە کۆریای باکوور سنوورەکانی وڵاتەکەی داخستووە تاوەکو خۆی بەدووربگرێت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی " کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی نەناسراوی لە ناوەڕاستی دورگەیەکیەوە بە ئاڕاستەی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە هەڵداوە."

وتیشی " دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا شیکارییەکی ورد ئەنجام دەدەن." بەڵام ئاماژەی بە وردەکاری مەودای موشەکەکە نەدا.

هەڵدانی موشەکەکان لەکاتێکدایە وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لە کۆریای باشوورە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە.

دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور وتی بەر لەوەی هەواڵی هەڵدانی موشەکەکان بڵاوببێتەوە، وانگ یی هیوای خواستووە سەرجەم وڵاتان یارمەتیدەر بن لە " خستنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە نیمچە دوورگەی کۆریادا، نەک تەنها کۆریای باکوور، بەڵکو ئەو وڵاتانەی دیکەش کە چالاکی سەربازییان هەیە لە ناوچەکەدا."

وتیشی " دەبێت هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان."

جێی ئاماژەیە کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامە ناوەکی و موشەکیە باڵیستیکیەکەیەوە لەژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندایە. هەروەها لە دوای کۆبوونەوەکەی ساڵی 2019 ی نێوان سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونەوە، دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی لە نیمچە دوورگەی کۆریا ڕاگیراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG