Accessibility links

کۆریای باکوور موشەکی باڵیستیکی تاقی دەکاتەوە


کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی بە ئاڕاستەی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڵدا، ئەمەش پێش ئەو مەشقە سەربازییە هاوبەشەی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور کە پلانی بۆ داندراوە و هەروەها پێش سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرسە بۆ ناوچەکە.

سوپای کۆریای باشوور دەڵێت موشەکە باڵیستیکییەکە مەودا کورت بووە و لە نزیک ناوچەی تایچۆنی هەرێمی پیۆنگیانگی کۆریای باکوورەوە هەڵدراوە، هەروەها 600 کم بڕیوە و بە بەرزی 60 کم فڕیوە.

سەرکردەی ستافی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەڵدانی موشەکی باڵیستیکی لەلایەن کۆریای باکوورەوە کارێکی وروژێنەری مەترسیدارە کە ئاشتی و سەقامگیری نیمچە دوورگەی کۆریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە."

لە بەیاننامەکەدا دەڵێت دوای هەڵدانی موشەکەکە، سەرکردەی ستافی هاوبەشی کۆریای باشوور کیم سیونگ کیوم و فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا پۆڵ لاکامرا تاوتوێی ڕەوشەکەیان کردووە و جەختیان لە ئامادەیی خۆیان کردۆتەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک یاخود کارێکی وروژێنەرانە لە کۆریای باکوورەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشوور کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی وەڵامدانەوە و سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکەی کرد و وتی پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەبێ هۆکار بووە.

وەزیری بەرگری ژاپۆن یاسوکازو هامادا وتی بە خەمڵاندنی ژاپۆن موشەکەکە گەیشتۆتە ئەوپەڕی بەرزی خۆی کە 50 کم بوو. هامادا وتی موشەکەکە لە دەرەوەی ناوچەیەکی پیشەسازی ژاپۆن کەوتۆتەوە خوارەوە و هیچ هەواڵێکیش نەبووە لە بوونی هیچ کێشەیەک لە بارکردن و هاتوچۆی ئاسمانیدا.

هامادا وتی " ئەگەر موشەکە کروزەکانیش هەژمار بکەیت ئەمە نۆیەمین جارە کۆریای باکوور موشەک هەڵدەدات، کە ئەمە خێراییەکی بێپێشینەیە."

وتیشی " کارەکانی کۆریای باکوور هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی وڵاتەکەمان و ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەنجامدانی ئەم کارەش لە کاتێکدا کە لەشکرکێشی دژی ئۆکرانیا هەیە جێی لێبووردن نیە." وتیشی ژاپۆن ناڕەزایی خۆی لە ڕێی باڵیۆزخانەی کۆریای باکوورەوە لە چین دەربڕیوە.

سەرکردایەتی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکی ئەمەریکا وتی ئاگاداری هەڵدانی موشەکەکەیە و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیماناندا ڕاوێژ دەکەین، هاوکات جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بە بەرگریکردن لە ژاپۆن و کۆریای باشوورەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG